سوننەکانی عێراق هۆشداری دەدەنە عەبادی لە پێشێلکارییەکانی فەللوجە
هاوپەیمانییەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە: کردارەکانی ئەو گرووپانەی دەرەوەی یاسا کە پیشتر چەندین تاوانی رفاندن، کوشتن و پیشێلکاریان بەرامبەر خەڵکی سڤیلی راکردووی ژێر دەستی داعش لە شاری فەللوجە ئەنجامداوە، پێشێلکارییەکی حاشا هەڵنەگرە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانێکی گەورەیی نامرۆڤانەی ئەو گرووپانەیە لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەددین و باکووری بابل و ناوچەکانی دیکەی خەڵکی سوننە مەزهەبیان تێدا نیشتەجێیە.
بەپێی بەیاننامەکە تاوانەکانی ئەو گرووپانە کاریگەرییان لەسەر هەموو مژارەکانی دیکەی گۆرەپانی عێراقی دەبێت و لە کۆتاییدا تووندڕەوەکان قازانج لەم کردەوانە دەکەن.
دەرکردنی ئەم بەیاننامەیە دوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی دێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیاندا چەکدارانی حەشدی شەعبی دەردەکەون لەکاتێکدا ئازار و ئەشکەنجەی ئاوارەکانی فەللوجە دەدەن و بێڕێزییان پێدەکەن، ئەمەش ناڕەزایی و نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لای سوننەکان.
رووداو
