ئەمریکا چۆنیەتی بەشداریکردنی لە شەڕی موسڵ ئاشکرا دەکات

ئەمریکا چۆنیەتی بەشداریکردنی لە شەڕی موسڵ ئاشکرا دەکات
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش ئاشکرایدەکات کە ئەمریکا بە 200 سەرباز و هەلیکۆپتەری ئاپاچی بەشداریی لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەکات. گوتیشی: "داوامان لە پێشمەرگە و حەشدی شەعبی کردووە واز لە ناکۆکی بهێنن"

ستیڤ وارن، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە بەغدا ئاماژەی بە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ کرد و رایگەیاند: "حکومەتی عێراق پێش دەستپێکردنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ راوێژی بەردەوام دەکات، ئەمریکایش بە بە 200 سەرباز و هەلیکۆپتەری ئاپاچی بەشداریی لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەکات".

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش لەبارەی شەڕی پێشمەرگە و داعش لە باکووری موسڵ کرد، رایگەیاند: "هاوپەیمانان لە شەڕەکەی تلسقۆف 11 فڕۆکەیان بۆ هاوکاری پێشمەرگە خستەگەڕ و سەربازێکیشمان لەو شەڕەدا کوژرا، ئێمە لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین".

سەبارەت بە ناکۆکی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، ستیڤ وارن گوتی: "داوامان لە هەردوولایەن کردووە کە واز لە ناکۆکی بهێنن چونکە لە بەرامبەر داعش لاوازیان دەکات و ئێمە ئەو ناکۆکییە بە زیان دادەنێین بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش".

ستیڤ وارن هەروەها دروستکردنی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق رەتکردەوە و گوتی: "ئەمریکا نە لە تکریت و نە لە هیچ شوێنێکی عێراق بنکەی سەربازی دروست ناکات".





رووداو
Top