عێراق؛ له مانگی ئایار ٨٦٧ که‌س کوژراون و ١٤٥٩ که‌سیش بریندار بوون
به پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ ھاریکاریکردنی عێراق (یونامی) بڵاوی کردوه‌ته‌وه، له ده‌ره‌نجامی کرده‌وه توندوتیژی و تیرۆریستییه‌کان و ھه‌روه‌ھا پێکدادانی چه‌کداری که له مانگی ئایاری رابردوودا روویانداوه، ٨٦٧ ھاووڵاتیی عێراقی کوژراون و ١٤٥٩ که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون.
ژماره‌ی کوژراوانی سڤیل ٤٦٨ که‌سه (١٩ که‌سیان سه‌ر به ھێزه‌کانی پۆلیسی فیدراڵی و سه‌حوه و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی داموده‌زگاکان و کارمه‌ندانی ئاگرکوژینه‌وه بوون) و برینداره مه‌ده‌نییه‌کانیش ژماره‌یان ١٠٤١ که‌سه که ٩٦ یان سه‌ر به‌و ھێزانه بوون. ئه‌مه، وێڕای کوژرانی ٣٩٩ که‌س و برینداربوونی ٤١٨ له کارمه‌ندانی ھێزه ئه‌منییه‌کان.
ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م مانگه به به‌راورد له‌گه‌ڵ له ژماره‌ی قوربانیانی مانگی نیسان به‌رزبووه‌ته‌وه، که له‌و مانگه‌دا ٧٤١ که‌س کوژران و ١٣٧٤ که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون. ئه‌گه‌ریش ھه‌یه ژماره‌ی قوربانیانی مانگی ئایار زیاد بکات، چونکه ئه‌م ئاماره ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه، که ئه‌م پارێزگایه له‌م رۆژانه‌ی دواییدا بۆته مه‌یدانی جه‌نگێکی توند و وردبینیش له ژماره‌ی قوربانیان له سایه‌ی ئه‌م ململانێیه کارێکی قورسه.
