ئەبوبەکر بەغدادی بەهۆی شکستەکانی داعش نامەیەک بۆ ئەمیرەکانی دەنێرێت
وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی 17ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە شنگال، ڕاگەیاند: “پێشمەرگە تا وەردەک داعشی دوورخستووەتەوە، ئەوەش مەترسی بۆ داعش دروست کردووە، بۆیە ئێستا ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە پێشبینی دەکات، ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستپێکی ئازادکردنەوەی مووسڵە، لەبەر ئەوە هەرچی پێداویستیی سەربازیی بەهێزیان هەیە، بە تایبەتیش چەکە قورسەکانیان، بەرەوی دەرەوەی مووسڵ پاشەکشەیان پێ کردووە “.
باکۆزی جەختی لەوە کردەوە کە زانیارییان هەیە، داعش چەکە قورسەکانی لە سنووری سووریا - عێراق جێگیر کردووە. گوتیشی: “نووسراوێکی نهێنیی داعش کەوتووەتە دەستمان کە لەو نووسراوەدا، ئەبوبەکر بەغدادی، بەرپرسی یەکەمی داعش، نامەیەکی ئاراستەی ئەمیری میحوەرەکان کردووە، بۆ ئەوەی هەندێک ناوچە چۆڵ بکەن، بەغدادی دەڵێت، خەڵکی عێراق و سووریا هی ئەوە نین کە داعش قوربانییان بۆ بدات”.
ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە نامەکەی ئەبوبەکر بەغدادیدا هاتووە، لە ماوەی رابردوودا، زۆربەی والی و ئەمیرەکانی داعش کوژراون. دووپاتیشی کردەوە: “ئەبوبەکر بەغدادی لەو نامەیەدا داوای کردووە، واز لە عێراق و سووریا بهێنن و قورسایی خۆیان بۆ شاری (مەسراتە)ی لیبیا بگوازنەوە”.
باسنیوز
