هێزە عێراقییەکان دەچنە ناو فەللوجە
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رۆژی دووشەممە 30ـی ئایاری 2016 هێزەکانی سوپای عێراق، چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی عەشیرەتە سوننییەکانی ناوچەکە دەستیان بەسەر ناوچەی سەقڵاوییە لە رۆژئاوای فەللوجەدا گرتووە.
هێزە عێراقییەکان دوای حەوت رۆژ لە شەڕکردن بە پشتگیریی هێزی ئاسمانیی عێراق و دەیان هەزار چەکدار، لە سێ قۆڵەوە چوونەتە ناو گەڕەکی شەهیدان لە شارۆچکەی فەللوجە و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ چەکدارانی داعش دەکەن.
پێشتر چەند وێنەیەکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە دەوروبەری فەللوجە بڵاو کرایەوە و راگەیەندرا، کە سولەیمانی فەرماندەیی هێزە عێراقییەکان دەکات و سەرکردەکانی حەشدی شەعبیش رایانگەیاند، کە لەسەر داواکاریی حکوومەتی عێراق بەشداریی شەڕەکان دەکات.
ئەم شکستەی چەکدارانی داعش لە فەللوجە هاوکاتە لەگەڵ شکستیان لە بەرەکانی شەڕی دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژەدا (رۆژی یەکشەممە 29ـی ئایار و رۆژی دووشەممە)، پێشمەرگە توانی 10 گوند لەژێر دەسەڵاتی ئەو رێکخراوە لە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ رزگار بکاتەوە.
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 23ـی ئایار، حەیدەر عەبادی دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی راگەیاند، کە لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کراوە و تاوەکو ئێستا هێزە عێراقییەکان نەیانتوانیوە ررزگاری بکەنەوە.
فەللوجە شارۆچکەیەکی سوننەنشینە و سەر بە پارێزگای ئەنبار و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای بەغدا و لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کراوە.
