عەبادی: كوردستان مافی خۆیەتی داوای چۆنیەتیی ئیدارەدانی دوای ئازادكردنی مووسڵ بكات
(د. تاریق گەردی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەی تایبەت بە شاری مووسڵدا كە ئێمە بەشێك لە سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی بووین، (حەیدەر عەبادی) بە ئێمەی گوت كە یەكێك لە و دانیشتنە جیددیانەی كە پێویستە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدەین، بە تایبەت لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسی و فەرماندەكانی پێشمەرگە، ئەوەیە كە ئێمە چۆن ڕووبەڕووی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش ببینەوەوە و، چۆن پلانەكەمان سەركەوتوو بێت بۆ گرتنەوەی شاری مووسڵ."
(گەردی) ڕاشیگەیاند: "(حەیدەر عەبادی) ئەوەیشی گوت كە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی داوا دەكات دەبێت قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ چۆن ئیدارە بكرێت."
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر ڕوونی كردەوە: "بە سەرۆكوەزیرانی عێراقمان گوت كە، دەبێت وەكو كورد قسەمان هەبێت لە ئیدارەدانی مووسڵ و هەموو شوێنەكانی دیكە كە ئێستا تیرۆریستانی داعشیان تێدایە و ئازاد دەكرێن، تا نەهێڵین جارێكی تر بە هیچ شێوەیەك تیرۆریستانی داعش بوونیان هەبێتەوە و زەبروزەنگ و توندوتیژی لەو شوێنانە ڕوو بداتەوە."
kdp.info
