عەبادی وادەی قۆناخی سێیەمی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە ئاشکرادەکات

 عەبادی وادەی قۆناخی سێیەمی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە ئاشکرادەکات
حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وادەی دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجەی ئاشکرادەکات و دوو بژاردەش دەخاتە بەردەم دانیشتووانی فەللوجە.

حەیدەر عەبادی، لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، قۆناخی سێیەمی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە، لەماوەی 48 کاژێری داهاتوودا دەستپێدەکات.

لەبارەی دانیشتوانی فەللوجە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، کە پێویستە دانیشتووانی فەللوجە بە رێڕەی ئەمنی و پارێزراو شارەکە جێبهێڵن، یاخود، لەماڵەکانیان بمێننەو،ە تاوەكو کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە.

عەبادی داوای لەلایەنە سیاسییەکانیش کرد، ناکۆکییەکانیان لەیادبکەن، یاخود تاوەکو کۆتایی پرۆسە سەربازییەکان دوایبخەن.

فەللوجە، 62 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای بەغدا دوورە، یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای ئەنبار، یەکەم شار بوو، لە ساڵی 2014ـدا لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرا. بەرەبەیانی 23-5-2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند.
Top