سەرکردەی داعش لە فەللوجە دەکوژرێت
ستیڤ وارن، گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیا رایگەیاندووە، کە لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا، هاوپەیمانان 20 جار بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی داعشیان لە فەللوجە کردووە.
لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانەدا، ماهر ئەلبیلاوی، سەرکردەی داعش لە فەللوجە، کە بە کەسی یەکەمی ئەو رێکخراوە لەو شارۆچکەیەی پارێزگای ئەنبار دادەنرا، لەگەڵ زیاتر لە 70 چەکداری دیکە ئەو رێکخراوە کوژراون.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ژمارەی چەکدارانی داعش لە فەللوجە لە نێوان 500 تاوەکو هەزار چەکدار دایە، کە نزیکەی 50 هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی ئەو شارۆچکەیە وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی خۆیان بەکاردەهێنن.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 23ـی ئایاری 2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە بەشداریی سوپای عێراق، چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی عەشیرەتە سوننییەکانی ناوچەکە، دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند.
فەللوجە شارۆچکەیەکی سوننەنشینە و سەر بە پارێزگای ئەنبار و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای بەغدا و لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کراوە.
باسنيوز
