عەبادی داوایەک ئاراستەی خۆپیشاندەرانی بەغدا دەکات
لەو داواکارییەدا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوا لە ”لاوە خۆشەویستەکان“ دەکات، خۆپیشاندانەکانیان دوا بخەن ”بۆ دوای رزگارکردنی فەللوجە".
حەیدەر عەبادی ئاماژە بەوەش دەکات، کە ھێزەکانی عێراق ئێستا سەرقاڵی رزگارکردنی فەللوجەن و ئەو شەڕەش ھەوڵێکی زۆری دەوێت و رایدەگەیەنێت، ”خۆپیشاندان مافی رەوای خۆتانە، بەڵام فشار بۆ سەر ھێزەکان دروست دەکات".
لە کۆتایی مانگی رابردوو و ناوەڕاستی ئەم مانگە (نیسان و ئایاری 2016)، لایەنگرانی رەوتی سەدر بە خۆپیشاندان چوونە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا و جارێک باڵەخانەی پەرلەمانیان داگیر کرد و سووکایەتییان بە پەرلەمانتاران کرد، جارێکیش ئەنجومەنی وەزیرانیان داگیر کرد.
لە کاتی داگیرکردنی ئەنجومەنی وەزیران، کە عەبادی بە فڕۆکە هەڵات و خۆی رزگار کرد، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و زیاتر لە 500 خۆپیشاندەر بریندار بوون.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 23ـی ئایاری 2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند.
باسنيوز
