دەلۆ: مەترسیی پێكدادانی چەكداری دەكرێت.. نازانرێ دۆخی بەغدا بەرەو كوێ دەڕوات
(محەممەد ئەمین دەلۆ)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بارودۆخی بەغدا بە شێوەیەك ئاڵۆز بووە كە مەترسی لەسەر دۆخی ئەمنیی شارەكە هەیە، چونكە ئێستا كەس نازانێت كێ چەكبەدەستە لە بەغدا، لە هەندێك شوێن میلیشیاكانی سەر بە سەدر (سەرایا سەلام) و لە هەندێك شوێن حەشدی شەعبی و لە هەندێك شوێنیش سوپای عێراق هەن، ئەمانەیش وایان كردووە بارەگا حزبییەكانیش بكەونە مەترسییەوە و نایشزانرێ دۆخی بەغدا بەرەو كوێ دەڕوات".
(دەلۆ) گوتیشی: "ناكۆكیی سیاسیی نێوان لایەنە شیعەكان گەییشتووەتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار، بە جۆرێك ئەگەر رەوشی بەغدا كۆنتڕۆڵ نەكرێت، مەترسیی پێكدادانی چەكداری لە نێوان گرووپە شیعەكاندا هەیە كە ئەگەر هاتوو ئەوەش رووی دا، ئەوا دەبێت كۆتایی بە پرۆسەی سیاسیی عێراق بهێنرێت".
بەرپرسی لقی5ـی پارتی دەشڵێت، یەكێك لە گرفتە گەورەكانی عێراق ئەوەیە كە، لە بەغدا چەندین هێز كۆ كراونەتەوە و هەموویشیان چەكیان بەدەستە، بۆیە بەردەوامبوونی ئەم رەوشەیش وا دەكات كە دووبارە مەترسی لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران دروست ببێتەوە.
KDP
