عەمار حەکیم داوای دواخستنی خۆپیشاندانەکان دەکات
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "عەمار حەکیم، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق سەردانی سەنگەرەکانی پێشەوەی هێزە عێراقییەکان و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی فەللوجەی کرد، هاوکات داوای لە هێزە سیاسییەکانی عێراق کرد، ریزەکانیان یەکبخەن".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەمار حەکیم لەسەردانەکەیدا رایگەیاندووە" گرنگە لەو جەنگە تێبگەین، کە عێراق لەگەڵ تیرۆر تێیکەوتووە، ئەمەش دەخوازێت هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە و تواناکانیشمان پەرش و بڵاونەکەین".
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق هەروەها داواشیکرد" خۆپیشاندانەکان بۆ دوای کۆتاییهێنانی شەڕ دوابخرێن. راشیگەیاند" هەرکەسێک دەیەوێت خۆپیشاندان بکات، ئەوا مافێکی رەوای خۆیەتی، بەڵام لەسەری پێویستە پابەندی یاسا بێت و هەڵنەکووتێتە سەر دامودەزگاکانی وڵات".
عەمار حەکیم جەختیشیکردەوە" ئەنجامدانی چاکسازیی پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیری سیاسی هەیە، کە هێنانەدی یەکەمیان ئەرکی هێزە چەکدارەکانە و ئەوی دیکەشیان ئەرکی سیاسیەکانە".
سەبارەت بە گرنگی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە لە ژێر دەستی داعش سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق ئاماژەی بەوەدا، کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە لە ژێر دەستی داعش یەکێک لە گرنگترین شارەکانە.
