بۆچوونی عەرەب و توركمانی كەركووك لەبارەی ریفراندۆم گۆڕاوە

بۆچوونی عەرەب و توركمانی كەركووك لەبارەی ریفراندۆم گۆڕاوە
لە سایەی گوشارە داراییەكانی بەغداوە، هیچ پێكهاتەیەك لە دۆخی كەركووك رازی نییە و نائومێدی دایگرتوون، كەچی بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسە سیاسییەكەشی ناتوانن هاوڕا بن. كورد داوا دەكات ئەو شارە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی داهاتوودا دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوە جیاوازەكانی ئەو شارە دەستپێدەكات.

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەكووك كە ئێستا بە سەردانێك لە ئەمریكایە، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریكا، لەبارەی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كەركووك گوتی: "دەبێ گشتپرسییەك بكرێ‌ تاوەكو بزانین خەڵكی كەركووك دەیانەوێ شارەكەیان بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ یان بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان".

بەبڕوای نەجمەدین كەریم، بارودۆخی ئێستای كەركووك بۆ گشتپرسی ئامادەیە و دەتوانێ خۆی یەكلایی بكاتەوە، بەڵام باس و خواسی ئەو گشتپرسییەی ئێستا پارێزگاری كەركووك باسی دەكات، لە هەرێمی كوردستان گەرمە بۆ ئەوەی چارەنووسی هەموو باشووری كوردستان لەگەڵ عێراق یەكلایی بكاتەوە.

"دەبێ بۆ كەركووك و كوردستان بێ"

محەممەد كەمال، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە پارێزگای كەركووك دەڵێت ریفراندۆم ئامادەكاریی پێویستە بۆ ئەوەی بەباشی و بێ كێشە بكرێ‌ "ئەو ریفراندۆمەشی ئێستا كورد داوای دەكات سەبارەت بە چارەنووسمانە لەگەڵ عێراق، ئایا دەمێنینەوە یان جیا دەبینەوە".

محەممەد كەمال، داوا دەكات ریفراندۆمێكی گشتگیر بكرێ‌ "پرسی گەڕانەوەی كەركووكیش بەیەكەوە لەو ریفراندۆمەدا یەكلایی بكرێتەوە بۆ ئەوەی پێویست نەكات جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ ریفراندۆمێكی دیكە لە بارەی كەركووكەوە".

دوای رووخانی سەددام، عێراقییەكان لەسەر نووسینەوەی دەستوورێك رێككەوتن، بەڵام لەسەر پرسی كەركووك رێكنەكەوتن و چارەسەری كێشەی كەركووكیان بە جێبەجێكردنی ماددەیەكی دەستوورەوە بەستەوە. بەپێی ماددەی 140ی ئەو دەستوورە، دەبووایە تاوەكو كۆتایی ساڵی 2007 قۆناغەكانی ئاساییكردنەوە و سەرژمێری و دواتر ریفراندۆم كرابان، بەڵام ئەو ماددەیە جێبەجێ نەكرا و بەوەش ناكۆكیی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو قووڵبوونەوە چوو.

لە بارەی قسەكانی پارێزگاری كەركووكەوە، محەممەد كەمال، پێیوایە پارێزگاری كەركووك تێگەیشتووە لەوەی بەغدا بەدەم كێشەكانی كەركووكەوە نایەت و لەگەڵ حكومەتی عێراق هیچ ناكرێ، حكومەتی عێراق ئامادە نییە نەك مافی كورد لە كەركووك، بەڵكو وەڵامی بچوكترین داواكاریی شارەكە بداتەوە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دەڵێ، ئەگەر لە ساڵی 2005 تاوەكو 2010 لای نەتەوەكانی دیكەی شارەكە باسی ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستانت كردبا، بە توندی رەتیاندەكردەوە "بەڵام ئیستا گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستیاندا هاتووە، چونكە تێگەیشتوون لەوەی بەغدا هیچیان بۆ ناكات و باشترە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان".

پرۆژەی توركمان چییە؟

تەحسین محەممەد عەلی، یەكێكە لە سەركردەكانی بەرەی توركمانی لە كەركووك، ئەو بەو روونییە پشتگیری گەڕانەوەی كەركووك ناكات بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە محەممەد كەمال باسی دەكات، بەڵام دژایەتیشی ناكات "حەزمان لە پێكەوە ژیانە، ئیدارەی هاوبەشمان دەوێ و هەموو شتێكمان قبوڵە كە لەبەرژەوەندی خەڵكی كەركووك بێت". گوتیشی "ئەگەر گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی خەڵكی كەركووك بێت دژایەتی ناكەین، بەڵام كوردستانیش كێشەی دارایی هەیە و حیزبەكانی ئەوێش ناكۆكیی زۆریان هەیە، باشترە چارەسەرێكی یاسایی بۆ كەركووك بدۆزرێتەوە و پەرلەمان بڕیارێك لەبارەی كەركووكەوە بدات".

تەحسین محەممەد باسی پرۆژەیەك دەكات كە ئەوان وەك بەرەی توركمانی پێشكێشیان كردووە و پڕۆژەیەكی ئیداری و سیاسییە "كەركووك بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، هەرێمێكی تایبەت بێت بۆ هەموو نەتەوەكان و ئیدارەیەكی هاوبەشی تێدا دروست بكەن و مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ بكرێ، هاوسەنگی تێدا بپارێزرێ".

بەڵام شوان داودی، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا، دەڵێت ئێستا كەركووك لە نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی گیرۆدە بووە "بەغدا بەردەوام لە خۆی دووری دەخاتەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەجیاتی ئەوەی لێی نزیك ببێتەوە، پاڵی پێوە دەنێ و هیچ لایەك هاوكاریی ناكەن".
داودی، گشتپرسی تەنیا بە دروشم دەزانێ و دەڵێ "دەبوو كێشەی كەركووك بەلایەكدا بخرایە پاشان باسی گشتپرسی بكرێ".

چارەسەرەكەی سەددام چی بوو ؟

فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە فیلمێكی بەڵگەییدا بۆ تەلەڤزیۆنی (رووداو) باسی دانوستاندنەكانی ساڵی 1983 و 1984 لەگەڵ رژێمی ئەوكاتی عێراق دەكات كاتێك وەكوو وەفدی یەكێتی سەددام حوسێنیان لە بەغدا بینیوە و دەڵێت سەددام پڕۆژەیەكی رێككەوتننامەی خستووەتە بەردەمیان بۆ ئەوەی واژۆی بكەن.

لەوبارەوە دەڵێت "سەددام گوتی دەزانن كەركووك بۆ مانەوەی یەكپارچەیی عێراق چەند گرنگە؟ ئەگەر كەركووكتان بدەمێ، بەخێرایی پشت دەكەنە عێراق و جیادەبنەوە، بەڵام من پێشنیاز دەكەم بیكەینە ئیدارەیەكی هاوبەش".

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەددام گوتوویەتی، ئێستا بەوە رازی ببن و با پێكبێین، كێ دەڵێ لە داهاتوودا شتی باشتر روونادەن؟ ئێستا ئێوە دەتوانن بەو حوكمی زاتییە لە كەركووكیش هاوبەشی بكەن لە ئیدارەكەیدا، دواتر بە پێكەنینەوە رووی كردووەتە تاڵەبانی و گوتوویەتی "ئەگەر لە دوارۆژدا ئێوە بەهێزتر بوون، لێمان وەربگرنەوە و ئەگەر ئێمەش بەهێز بووین لێتان دەستێنینەوە". بەڵام فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێ "مام جەلال، متمانەی بە قسەكانی سەددام نەبوو، بۆیە ئامادە نەبوو رێككەوتننامەكە لەگەڵ سەددام واژۆ بكات. سەددام گوتی پێشتریش لەگەڵ بارزانی و كوڕەكانی لەسەر كەركووك پێكنەهاتین".






روداو
Top