عەبادی دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند

 عەبادی دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجەی راگەیاند
سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست پێکردنی شەڕێکی گەورەی راگەیاند، بۆ رزگارکردنەوەی شارۆچکەیەکی پارێزگای ئەنبار لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 23ـی ئایاری 2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، وێنەیەکی خۆی و شەش فەرماندەی باڵای ئەمنی و سەربازیی باڵای عێراق بڵاو کردووەتەوە.



حەیدەر عەبادی لە پۆستەکەیدا رایگەیاندووە، کە بە ”پشتیوانیی و بەرەکەتی خوا دەستمان بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی فەللوجە کرد“.



دەست پێکردنی ئەو شەڕە، کە ماوەیەکی زۆرە هاووڵاتییانی فەللوجە چاوەڕێی دەکەن، لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 20ـی ئایار، لایەنگرانی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا و بارەگای ئەنجومەنی وەزیرانیان داگیر کرد و عەبادی ناجار بوو بۆ پاراستنی گیانی خۆی، بە فڕۆکە خۆی دەرباز بکات.



فەللوجە شارۆچکەیەکی سوننەنشینە و سەر بە پارێزگای ئەنبار و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای بەغدا و لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کراوە.



باسنیوز
Top