چەکدارانى حەشدى شەعبى هاوڵاتییەکى کورد و عەرەبێکى سونەمەزەب دەڕفێنن

چەکدارانى حەشدى شەعبى هاوڵاتییەکى کورد و عەرەبێکى سونەمەزەب دەڕفێنن
چەکدارانى حەشدى شەعبى هاوڵاتییەکى کورد و عەرەبێکى سونەمەزەب دەڕفێنن و ئەشکەنجەیان دەدەن، گوتەبێژى حەشدى شەعبى دەڵێ، ئەوە کۆنەقینە و بەدواداچوونى جدى بۆ دەکەین.

عەلی قادر لە پۆلیسی دوزخورماتوو رایگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەم 22ى ئایارى 2016 چەکدارانی حەشدی شەعبی تورکمانی لە دوزخورماتوو ، هاوڵاتی کورد و عەرەبێکى سونەمەزەبیان دەستگیر کردووە و دواتر بۆ وەقفى شیعەیان گواستوونەتەوە و لەوێش ئەشکەنجە و ئازارێکى زۆریان داون.

روونى کردەوە، پاش ئازار و ئەشکەنجەدانى هەردوو هاوڵاتییەکە، ئازادکراون و بەمەبەستى چارەسەرى پزیشکى بۆ نەخۆشخانەى شارەکە گواستراونەتەوە.

بەپێى زانیارییەکانى پۆلیس هاوڵاتییەکە کوردەکە ناوى (کاروان رەشید محەمەد) و عەرەبەکە ناوى (فارس محەمەد)ە.


لاى خۆیەوە عەلی هاشم ، گوتەبێژی فەرمی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ "وشە" ئاماژەیدا، "راستە لەلایەن چەند چەکدارێکى حەشدى شەعبییەوە ئەو دوو هاوڵاتییە رفێنراون، بەڵام ئەوەى روویداوە پێوەندى بە کۆنەقین و ناکۆکى کەسییەوە هەیە و ماوەیەکى دەوێت تا کۆتایى دێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدواداچوونى بۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین دووبارە نەبێتەوە".

گوتەبێژى حەشدى شەعبى ئاماژەى بەوەشدا، "بەشێوەیەکى گشتى گرژى و ناکۆکییەکان لەنێوان حەشدى شەعبى و هاوڵاتیانى دوزخورماتوو کۆتایى هاتووە".

چەکدارانی حەشدی شەعبی لە مانگی ئابی ساڵی 2014 بە بیانووی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش لە سنوری شارەدێی ئامرلی هاتنە دوزخورماتوو، پاشتر جێ پێی خۆیان قایمکرد و درێژەیان بەمانەوەیاندا و لەو ماوەیەدا چەندین شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانى حەشدى شەعبى و هێزەکانى پێشمەرگە و هاوڵاتیانى شارۆکەکەدا روویداوە.

پێش نزیکەى مانگێک و دواى سەرهەڵدانەوەى شەڕ لە نێوان چەکدارانى حەشدى شەعبى و پێشمەرگە و هاوڵاتیانى شارۆکەکە، رێککەوتنێکى تر لە نێوان فەرماندەکانى حەشدى شەعبى و فەرماندەییەکانى پێشمەرگە ئیمزا کرا.





وشە
Top