عەبادی بڕیاری قەدەخەكردنی هاتووچۆی لە بەغدا هەڵوەشاندەوە
پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 20-5-2016، خۆپیشاندان لە شاری بەغدا دەستیپێكرد، بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر ناوچەی سەوز، گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، بەهۆیەوە 3 كەس كوژران و دەیانی دیكە برینداربوون.
بەهۆی بەردەوامبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكان و، هێرشی خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەی هێزە ئەمنییەكان، بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە باری نائاسایی لە بەغدا راگەیێندرا و هاتووچۆكردن تا كاتێكی نادیار قەدەخەكرا، هەروەها سەرجەم دەروازەكانی بەغدا داخران.
ئەمشەو دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكان، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند دۆخەكە كۆنترۆڵكراوە. ئەمە لەكاتێكدایە لە سێ پارێزگای دیكە (بابل، ناسریە و دیوانییە) بۆ پشتگیریكردن لە خۆپیشاندەرانی بەغدا و دادگاییكردنی گەندەڵكاران خۆپیشاندان دەستیپێكردووە.
لەبەرامبەر هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەیان بە گوللە، موقتەدا سەدری رێبەری رەوستی سەدر كە پشتگیری لە خۆپیشاندەران دەكات ، راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و هۆشداری دایە بەرپرسانی عێراق و گوتی" چارەنووستان لە سەددام حوسێن و موعەممەر قەزافی باشتر نابێت".
روداو
