خۆپیشاندان گەیشتە سێ پارێزگای دیكەی عێراق
دوای ئەوەی رۆژی هەینی 20-5-2016 خۆپیشاندان لە شاری بەغدا دەستیپێكرد و گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، بەهۆی ئەوەی جارێكی دیكە هێرشیانكردە سەر ناوچەی سەوز، لە پارێزگاكانی بابلی نێوەڕاستی عێراق و دیوانییە و ناسرییەی باشووری عێراق خۆپیشاندان دەستیپێكرد.
لە بابل خۆپیشاندەران لە سەنتەری پارێزگاكە كۆبوونەتەوە و لەبەردەم تەلاری پارێزگای بابل مانگرتنیان راگەیاندووە.
لە دیوانییە لایەنگرانی سەدر وەك پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەرانی بەغدا، خۆپیشاندانێكی فراوانیان دەستپێكردووە و داوای لادانی گەندەڵكاران دەكەن.
لە پارێزگای ناسریەش خۆپیشاندانێكی فراوان دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران هێرشیانكردە سەر تەلاری پارێزگاكە و كۆنترۆڵیان كرد.
پاشنیوەڕی رۆژی هەینی 20-5-2016 خۆپیشاندان لە بەغدا دەستیپێكرد، لەکاتی گەیشتنی خۆپیشاندەران بۆ بەردەم ناوچەی سەوز و باڵەخانەی پەرلەمان، هێزە ئەمنییەکان بە دار، گازی فرمێسكڕێژ و دەستڕێژی گوللە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.
بەهۆی ئاڵۆزی و دروستبوونی تووندوتیژی، دوو خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووسێك كوژران، نزیكەی 100 كەسی دیكە بریندرابوون و ژمارەیەك لەوان رۆژنامەنووس بوون، پاشان لەژێر فشاری هێزە ئەمنییەكان ناوچەی سەوزیان چۆڵكرد.
روداو
