قەرزێکی گەورە بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەدرێت

قەرزێکی گەورە بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەدرێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق، سەرۆکایەتیی شاندێک بۆ وەرگرتنی قەرز بۆ عێراق دەکات کە لەو قەرزە، بە ناچاری دەبێت بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

د. تاریق گەردی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق، سەرۆکی شاندێکە بۆ دانوستاندن لەگەڵ نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە ئوردن، بە مەبەسی پێدانی قەرزی 15 ملیار دۆلار بۆ ماوەی دوو ساڵ بە عێراق کە بە ناچاری، دەبێت عێراق لەو بڕە پارەیە، لە 17%ی بە هەرێمی کوردستان بدات”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم بڕە پارەیە وا دەکات، دۆخەکە باشتر ببێت، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکەوێتە گفتوگۆ.

تاریق گەردی ئەوەشی ڕوون کردەوە: “لەبەر ئەوەی هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراقە و سەرۆکی لێژنەی گفتوگۆ لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتییە، کاریگەریی باشی لەسەر ئەو پرسە دەبێت و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەو پرسە بەشدارە”. گوتیشی: “بۆ گەڕانەوەی وەزیرە کوردەکان، دەبێت مەرج هەبێت، بەتایبەتیش ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا و گەڕانەوەی شەراکەت و بنەماکانی دەستوور جێبەجێ بکرێت”.







باسنیوز
Top