توێژینەوەیەك ئاماری ئەو منداڵە عیراقییانە دەخاتە روو كەبەهۆی جەنگەوە بریندار بوون و مردوون

توێژینەوەیەك ئاماری ئەو منداڵە عیراقییانە دەخاتە روو كەبەهۆی جەنگەوە بریندار بوون و مردوون
بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە كە لەسەر منداڵانی عیراق ئەنجامدراوە، دەركەوتووە لە كۆی هەر شەش منداڵێك، یەكێكیان بەهۆی جەنگەوە برینداربووە، لەكاتێكدا لەجیهاندا لەنێو 50 منداڵدا یەكێكیان بەهۆی جەنگەوە بریندار دەبێت.

توێژنەوەكە لەلایەن ژمارەیەك توێژەر ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری " سێر جری" بڵاوكراوەتەوە و تیایدا ئەوە روونكراوەتەوە، سەرباری چەندین توێژینەوەو بەدواداچوون بەڵام تائێستا زۆر كەم باس لەژمارەی ئەو منداڵانە كراوە كە لەناوچە گەرمەكانی جەنگ برینداربوون بەتایبەت لە دوای ساڵی 2003 وە.

بەگوێرەی روپێوێكی مەیدانی كە ئەندامانی ئەو تیمە تویژەرە لەساڵی 2014 دا لەعیراق ئەنجامیانداوە بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوەیەو برینداربوون دەركەوتووە، لەنێو 900 خێزان كە سەرجەمی ئەندامەكانیان گەیشتونەتە 5 هەزارو 148 كەس، 152 منداڵی بریندار تۆماركراون كە دەكاتە رێژەی 28%ی سەرجەمی بریندارەكان.

بەگوێرەی ئەو رووپێوییە 34% ی هۆكاری برینداربوونی ئەو منداڵانە بەهۆی كەوتنەوە بووە، 22% بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بووە، 15%ی منداڵەكانیش راستەوخۆ بەهۆی جەنگەوە ( بەركەوتنی فیشەك یان پارچەی تەقەمەنی) برینداربوون، لەكاتێكدا لەسەر ئاستی جیهان 2% ی منداڵان بەهۆی توندو تیژییەوە بریندار دەبن.

وەك لە توێژینەوەكەدا هاتووە لەكۆی چوار منداڵی بریندار تەنها یەكێكیان لەنەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەكرێت، سێ یەكێشیان تووشی كەمئەندامی بوون، 10 برینداریان بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە گیانیان لەدەستداوە ( 5 برینداریان بەهۆی شەڕەوە بووەو 5 بریندارەكەی تر بەهۆی رووداوی هاتوچۆو كارەبا و ژەهراوی بوونەوە گیانیان لەدەستداوە).

دەستنیشانكردنی رێژەی 7% بۆ مردنی منداڵان لە عیراقدا بەهۆی سەختی برینەكانیان وەك لە توێژینەوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، زۆر زیاترە لەهەندێك وڵاتی تر، ئەو رێژەیەش لە باشوری ئەفریقا 0,1% - لە توركیا 0,3%- لە ئێران 2,3% - لەگانا 5,5% ە.

لەلایەن خۆشییەوە ئادەم كۆچنەر-ی گەورە توێژەر لە كۆلێژی جۆنز هۆبكنز بۆ تەندروستی گشتی لەبالتیمۆر لە لێدوانێكدا كە رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە رێكخراوە مرۆییەكان بیر لەستراتیژییەتی خۆپاراستن لە برینداربوون و ئاگایی لای خەڵك پەیڕەو بكەن تا بزانن لەكاتی برینداربوونی نەوەكانیان چ هەنگاوێك بنێن و مەشق بە تیمی تایبەت بكرێت بۆ پێدانی چارەسەری پزیشكی سەرەتایی بە بریندار.









خەندان
Top