داعش هێرشی کردە سەر ناوچەی تاجی لە بەغدا

داعش هێرشی کردە سەر ناوچەی تاجی لە بەغدا
بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر کارگەی گازی تاجی لە باکووری بەغدا، دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداش رایگەیاند هێرشەکەیان تێکشکاندووە.

سەعد مەعن، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 15-5-2016 هێزە ئەمنییەكانی عێراق هێرشێكی چەكدارانی داعشیان بۆ سەر كارگەی گازی تاجی لە باكووری شاری بەغدا تێكشكاند".

مەعن گوتیشی "سەرەتا چەكدارە هێرشبەرەكان ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لە بەردەرگای كارگەكە تەقاندووەتەوە، دواتر 6 خۆكوژ بە پشتێنی بۆمبڕێژكراو چوونەتە نێو كارگەكە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكان کوژراون و لە ئەنجامدا 3 عەمباری غاز سوتاون". جەختی لەوەش كردەوە "ئێستا هێزە ئەمنییەكان باڵادەستن و تیمەكانی بەرگریش سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن".

بەئامانجی تێكدانی ئاسایشی شارەكانی عێراق بەگشتی و شاری بەغدا بەتایبەتی، گرووپە چەكدارەكانی نەیاری حكومەتی عێراق لە سەروشیانەوە رێكخراوی داعش لەڕێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، بۆمبی چێندراو و لكێندراو و پەلاماری چەكداری زیان بە هێزە ئەمنییەكان دەگەیێنن.





روداو
Top