فوئاد مەعسووم لەگەڵ وەزیری ئیتلاعاتی ئێران کۆ بووەوە
فوئاد مەعسووم، سەركۆماری عێراق گرنگیی بەهێزكردنی پەیوەندیی هاریكاریی نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بوارەكانی ئەمنیی و زانیاری و سوودوەرگرتن لە شارەزایی و پسپۆڕییە زۆرەكانی ئێران لەم بوارەدا دووپات كردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 14/5/2016 لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، فواد مەعسووم لە میانەی پێشوازیكردنی لە مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتیلاعاتی ئێران ستایش و پێزانینی عێراقی نوێ كردەوە لە پای ئەو یارمەتیی و كۆمەكە بەنرخانەی كە كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشكەش بە گەلی عێراقی دەكات، بەتایبەتیی لە جەنگی دژ بە داعشدا.
هاوکات لەپێناوی پتەوكردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەلەكانیان و زامنكردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان گرنگیی هاریكاریی نێوان دەوڵەتانی ناوچەكەشی دووپات كردەوە.
لە بەرانبەردا عەلەویش خۆڕاگریی و قوربانیدانەكانی گەلی عێراقی لە بەگژاچوونەوەی تاقمە تێرۆریستەكاندا بەرز نرخاند و ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ گەشە پێدانی هاریكارییەكانی لەگەڵ عێراقدا لە بوارەكانی ئاسایش و مەشقپێكردن و ئاڵوگۆڕی زانیارییەكاندا دوپات كردەوە.
بڕیارە ئەم ئێوارەیە مەحموود عەلەوی لەگەڵ "سەید عەمار حەکیم" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئسیلامی لە عێراقی کۆ ببێتەوە.
باسنيوز
