ئەمریكا پارێزگاری لە كەمینە ئاینییەكانی عێراق دەكات
لە بابەتێكدا كە دەربڕی سیاسەتی حكوومەتی واشنتۆنە و دەنگی ئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە، (ناكس تیمز) ڕاوێژكاری تایبەتی کەمینە ئاینییەكان لە ڕۆژهەڵاتی نزیك و باشوور و ناوەندی ئاسیا لە كۆنگرێسی ئەمریكا ڕایگەیاندووە كە ئەمریكا هەوڵ دەدات فریای ئەو خەڵكانەی ناوچە جیاجیاكانی جیهان بكەوێت كە بەرەوڕووی هەڕەشەی كوشتن یان جیاوازیی ئایینی دەبنەوە.
لە بابەتەكەیدا، حكوومەتی ئەمریكا داعش بە ئەنجامدانی جینایەت لە عێراق تۆمەتبار دەكات، لەوانە كوشتنی هاووڵاتییان، ڕاگواستنی زۆرەملێ، ناچاركردنی خەڵك بە گۆڕینی مەزهەب، بەكۆیلەكردن، ڕفاندنی مرۆڤ، قاچاخ و توندوتیژیی سێكسی. هەروەها ئەوەش هاتووە كە ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، منداڵانی دیل و منداڵی سەربازان بۆ ئامانجی خۆیان بەكار دێنێت.
هەربۆیە تیمز دەڵێت "ئەگەر داعش لە پاكتاوی ئایینی و نەتەوەیی سەركەوتوو بێت، كەمە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق لەناو دەچن و فرەمەزهەبی لە ناوچەكە كەم دەبێتەوە".
سەرەڕای چڕتركردنەوەی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەپێناو پاراستنی زیاتری خەڵكی ناوچەكە، لەوانە کەمینە مەزهەبییەكان، پێویستە هەنگاوی دیكەی وەك هاریكاریی مرۆیی پێشكەش بە خەڵكی عێراق بكرێت. لەو بارەیەوە، جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مانگی ڕابردوو لە عێراق وتبووی كە واشتنۆن 155ملیۆن دۆلاری دیكە وەك هاوكاری پێشكەش دەكات و كۆی گشتیی هاوكارییەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2014 بۆ زیاتر لە 780 ملیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە. ئەو ناوچانەش كە لە تیرۆریستانی داعش پاك كراونەتەوە پێویستیان بە هاوكارییەکی زیاترە. لەو بارەیەوە ڕاوێژكارە باڵاكەی ئەمریكا ڕای وایە كە لەپێناو گەڕاندنەوەی کەمینە مەزهەبییەكان بۆ شوێنی خۆیان، پێویستە لە ڕووی ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەوە هاوكاری بكرێن.
شایانی باسە، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هەرێمی كوردستان، شاندە بیانییەكان ستایشی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە لە پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سەركردەی وڵاتانی جیهان و كەسایەتییانی وەك پاپای ڤاتیكان لە دیدارەكانیاندا لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، ڕۆڵی ئەوانیان لە پاراستنی ئەو پێكهاتانە و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان بەرز نرخاندووە. هەر سەبارەت بە ئازادیی ئایینی لە هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ (فۆكس نیوز)ی ئەمریكی، (شێرزاد مامسانی) بەڕێوەبەری كاروباری جوو لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان، وێڕای ئاماژە بە بوونی كۆنترین پەرستگای جووەكان لە كوردستان، دەڵێت جووەكانی كوردستان لە سایەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بە بەراورد لەگەڵ هاوئایینەكانیان لە وڵاتانی ئەورووپادا ئازادییەکی زیاتریان هەیە.
KDP
