رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستبەكاردەبێتەوە
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبەیاننامەیەكدا كە ئێوارەی یەكشەممە بڵاویكردەوە ئاماژەی بەوەكردووە، دوای تەواوبوونی ئامادەكارییەكانی پەیوەست بە كاری هونەری و تەكنیەكییەكانی تایبەت بە باڵەخانەی پەرلەمان، وادەی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنەكە دیاری دەكرێت.
داواش لەلیژنە پەرلەمانییەكان كراوە لە رۆژی سێشەممەوە كۆبونەوەكانی خۆیان ئەنجامبدەن بەئامانجی ئامادەكردنی پرۆژە یاسا پێویست و گرنگەكان تا لەدانیشتنەكانی داهاتووی ئەنجومەنەكەدا دەنگیان لەسەر بدرێت.
ئەو راگەیاندنەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق لەكاتێكدا دێت كە شەوی 8/7 ی ئەم مانگە سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گەیشتە شاری سلێمانی، دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردییەكان ( یەكێتی – گۆڕان – یەكگرتوو و كۆمەڵ) نوسینگەی جبوری لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەوان لە هەڵوێستی كورد تێدەگەن كە جەخت لەسەر گرەنتی دەكاتەوە بۆ دووبارەنەبوونەوەی رووداوەكانی پەرلەمانی عیراق.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە دیدارەكانی جبوری لەگەڵ بەرپرسانی كورد، جەخت لەسەر گرنگی رێزگرتن لە دەسەڵاتی یاسادانان و رۆڵی راستەقینەی پەرلەمانتاران كراوەتەوە كە دەبێت بەدووربێت لە هەموو فشارەكان.
ئەوەش روونكراوەتەوە "چاكسازی پێویستی بە بەگەڕخستنی شەراكەت و بەهێزكردنی دەوڵەت و دامەزراوەكان و پشتیوانیكردنە لە كارامەكان و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و هێنانەدی تەوافوق لە گوتاردا كە هەڵگری سیمایەكی نیشتیمانی یەكگرتوو بێت".
رۆژی 30 نیسانی ئەمساڵ دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵپەسێردران بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر بەربەستەكانی ناوچەی سەوزی بەغدایان شكاندو چوونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنەكە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كورد لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشیان كرایە سەرو سووكایەتییان پێكرا، دواتر بەناچاری گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
رۆژی 5ی ئەم مانگەش فراكسیۆنە كوردییەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی نەگەڕێنەوە بۆ بەغدا، تا ئەوكاتەی بارودۆخی پایتەخت رووندەبێتەوەو لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كوردەوە داوایان لێدەكرێت ( ئەوەش بەكۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییەكەی هەرێم و یەكهەڵوێستییان لەبارەی رووداوەكانەوە.)
خەندان
