"سەلیم جبووری رەتیکردەوە داوای گۆڕینی هێزە کوردییەکەی لە عەبادی کردبێت"

سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەتیکردەوە داوای گۆڕینی هێزە کوردییەکەی لە عەبادی کردبێت، هاوکات پێشنیازی گۆڕینی ئەو هێزە، بەهێزێکی دیکەی کوردی دەکات.

ئارام مەحموود، راوێژکاری راگەیاندنی ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی گۆڕینی ئەو هێزە کوردییەی کە پارێزگاری لە پەرلەمانی عێراق دەکات بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، "ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمان ئەو پرسیارەی لە جبووری کرد، کە ئایا تۆ داوای گۆڕینی ئەو هێزە کوردییەت لە عەبادی کردووە؟ جبووری لەوەڵامدا رەتیکردەوە داوای گۆڕینی ئەو هێزە کوردی کردبێت و ناوی ئەو هێزەی بە دیاریکراوی هێنابێت".

لە راگەیێندراوێکدا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 8-5-2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیاند، بڕیاری گۆڕینی فەوجی پاسەوانی پەرلەمان عێراق لەسەر داوای سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووە.

راوێژکاری راگەیاندنی ئارام شێخ محەممەد، ئەوەشی گوت "سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکردووە کە تەنیا داوای لە عەبادی کردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو هێزانە بکات، کە کەمتەرخەم بوونە و نەیانتوانیوە پەرلەمان و پەرلەمانتاران بپارێزن".

راوێژکارەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی "هەر لە کۆبوونەوەکەدا جبووری پێشنیازی ئەوەی خستەڕوو، کە دەکرێت، هێزێکی دیکەی کوردی بەهەمان شێوە جێگەی ئەو هێزە کوردییەی ئێستا بگرێتەوە، بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمان راگەیاندووە، ئەو هێزە کوردییە بە گەواهی هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی زۆر پیشەییانە کارەکانی خۆیان ئەنجامداوە و بەهیچ شێوەیەک رازی نابین ئەو هێزە بگۆڕدرێن".

بەختیار شاوێس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئارام شێخ محەممەد لەسەر گواستنەوەی فەوجی پاسەوانانی پەرلەمانی عێراق قسەی لەگەڵ هەریەک لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری عێراق کردووە و، دوای ئەو پەیوەندییە، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری گواستنەوەی ئەو فەوجە کوردەی راگرتووە".

پێشتر شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "عەبادی بەبێ ئاگاداری سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بڕیاری گواستنەوەی فەوجی تایبەت بە پاراستنی پەرلەمانی دەركردووە، پێموایە ئەو هەڵوێستەی عەبادی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دوای ئەوەی پەرلەمانتاران دەبەی ئاویان تێگرت، ئەویش داوای لە فەرماندەی فەوجەكە كردبوو بەهێز پەرلەمانتاران دەربكات و لێیان بدات، بەڵام فەرماندەی فەوجەكە رەتیكردبووەوە، بەو پێیەی پەرلەمانتاران و پارێزبەندیان هەیە".

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی "هەر ئەو فەوجەی پێشمەرگە بوو شەمەی رابردوو رێگەی نەدا پەرلەمانتارە كوردەكان بكوژرێن و پارێزگاری لێكردن، تەنانەت هەندێك پەرلەمانتاری دیكەشیان رزگاركرد، بۆیە بڕیاری گۆرینی ئەو پێشمەرگانەیداوە و لە پەرلەمانی عێراق دەریكردوون."

بەهۆی دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان كە بڕیار بوو دەنگ لەسەر گۆڕینی كۆمەڵێك وەزیر بدرێت، رۆژی 30-4-2016 خۆپیشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەرد هەڵیانكوتایە سەر پەرلەمان و كۆنترۆڵیان كرد.
Top