چوار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله به‌مادده‌ی تیرۆر داواده‌كرێن
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌دیاله كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه راگه‌یاند " 18ی نیسانی ئه‌مساڵ، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی مقدادیه -سه‌ر به دادگای دیاله- فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی به ماده‌ی 4ی تیرۆر بۆ چوار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله له‌كوتله‌ی (دیالی هویتنا)ی سوننه‌كان ده‌ركردووه".
به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، فه‌رمانه‌كه‌ی دادگا به‌نهێنی ده‌رچووه‌و له‌سه‌ر داوای موسه‌ننا ته‌میمی پارێزگاری دیاله بووه كه كه‌سێكی شیعه مه‌زهه‌به.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، دادگای دیاله له‌لایه‌ن شیعه مه‌زهه‌بێكه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت‌و به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنه‌كه زیاتر ململانێی نێوان ئه‌و دوو مه‌زهه‌یه نه‌ك له‌چوارچێوه‌یه‌كی یاساییدابێت.
ئه‌و چوار ئه‌ندامه‌ی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچووه، هه‌ریه‌ك له‌عه‌لی زه‌ید داینی، نه‌جات خه‌له‌ف تائی، عه‌بدولخالق مه‌دحه‌ت عه‌ززاوی‌و عامر سوبحی كه‌یلانی-یه، وه‌كو سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی دادگا، دوای ئه‌وه‌دێت ئه‌ندامانی سوننه مه‌زهه‌ب له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله له‌هه‌وڵی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌دان له‌پارێزگاری دیاله‌و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی گه‌نده‌ڵییان هه‌یه له‌سه‌ری، تائێستاش چه‌ندجارێك داوایان كردووه له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ئاماده‌بێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاگادار له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله، كه به‌هه‌مانشێوه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه وت "له‌ماوه‌ی رابردوودا كوتله‌ی دیالی هویتنا-ی سوننه مه‌زهه‌ب كه 13 ئه‌ندامیان له‌ئه‌نجومه‌نه‌كه هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌شت ئه‌ندامی كوتله‌ی تحالف دیاله‌ی نیشتیمانی سه‌ر به‌شیعه‌كان، په‌نجا به‌ڵگه‌نامه‌ی گه‌نده‌ڵیی ئه‌منی‌و خزمه‌تگوزاری‌و سه‌رپێچی یاسا-یان له‌سه‌ر پارێزگاری دیاله كۆكردووه‌ته‌وه‌و سێ جار به‌نوسراو ئاگاداریان كردووه‌ته‌وه كه له‌دانیشتنێكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا ئاماده‌بێت، به‌ڵام پارێزگاری دیاله هه‌رجاره‌و به بیانوویه‌ك ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه نه‌بووه".
به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، بڕیاره پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو جارێكی‌تر پارێزگاری دیاله ئاگادار بكرێته‌وه‌و بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی لێوه‌ربگیرێته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كان سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانی ئێستای دیاله شه‌ڕو ناكۆكی نێوان سوننه‌و شیعه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌دوای ته‌قاندنه‌وه‌ی یه‌كێك له هۆڵه‌كانی پرسه‌ی به‌نی ته‌میمییه‌كان له‌قه‌زای مقدادیه له‌ئێواره‌ی رۆژی 29 ی شوباتی 2016 كه به‌هۆیه‌وه 30 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا‌و یه‌كێك له‌وانه فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی بوو.
له‌و روداوه‌دا نزیكه‌ی 60 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون كه سه‌رجه‌میان شیعه مه‌زهه‌ب‌و زۆربه‌شیان له‌بنه‌ماڵه‌ی به‌نی ته‌میمییه‌كان بوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتووانی پارێزگای دیاله سوننه مه‌زهه‌بن، به‌ڵام به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه شیعه‌كان تیایدا باڵاده‌ستن‌و له‌كۆی 170 فه‌رمانگه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حكومیی، نزیكه‌ی له‌سه‌دا 95ی به‌رپرسه‌كانیان له‌شیعه‌كانن، تائێستاش هیچ كوردێك له‌فه‌رمانگه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا به‌رپرسیارێتی نییه.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله 29 ئه‌ندامی هه‌یه، 13یان عه‌ره‌بی سوننه‌و 13یان عه‌ره‌بی شیعه‌و سێیانیان كوردن، هه‌روه‌ها پارێزگاری دیاله شیعه‌یه‌و جێگره‌كه‌ی كورده‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش عه‌ره‌بی سوننه‌یه.
