ستێڤن ڤان ئێڤێرا: دەبێ ئەمەریكا پشتگیری لە دابەشبوونی عێراق بكات
پڕۆفیسۆر ستێڤن ڤان ئێڤێرا، لە چاوپێكەوتنێكدا كە لە ژمارە 1072ـی گۆڤاری گوڵاندا بڵاو بووەتەوە، دەڵێت: ئەوەندەی من لە سیاسەتی سەرۆك ئۆباما تێگەییشتووم، بە تایبەتیش لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم ئیدارەیە، ئەوەیە كە ئۆباما هیچ هەنگاوێك بەو ئامانجە هەڵناگرێت بۆ ئەوەی پێگەی پارتی دیموكراتی ئەمەریكا باشتر بكات، یان مەبەستی پارێزگاریكردن بێت لە سەرمایەی سیاسیی خۆی، ئەو لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاو هەڵدەگرێت كە لە بەرژەوەندیی ئەمەریكا و جیهانیشدا بێت، راستە ئەو هەڵەی گەورەی كرد لە عێراق و سووریادا، من ئومێدی ئەوەم دەخواست كە چارەیەكی ئاشتیانەی لە سووریادا بهێنایەتە ئاراوە كە دابەشبوونی وڵاتەكەی لەخۆ بگرتایە و ئەو دابەشبوونەیش بە مانای ئازادی بهاتایە بۆ كوردی سووریا، واتە وڵاتەكەی لەسەر زۆنی ئیتنی و ئایینی دابەش بكردایە، زۆنی عەرەبە سوننەكان و زۆنی عەلەوییەكان، یاخود ڕەنگە عەلەوی و مەسیحییەكان و زۆنی كورد. ڤان ئێڤێرا دەشڵێت: پێم وایە پێویستە بیركردنەوەیەكی هاوشێوەی هەبێت لە ئاست عێراقدا، بۆ من مایەی نائومێدییەكی گەورە بوو كە سەرۆك ئۆباما وەك پێویست گوشاری لەسەر بەغدا نەكرد بۆ ئەوەی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەكانی عێراقدا بكات.
كێشەی بەغدا لە تێڕوانینی شۆڤێنیانەی حكوومەتەكەی مالیكیدا بوو، هەروەها حكوومەتەكەی ئێستایش كە نەیتوانیوە مامەڵەیەكی دادپەروەرانە لەگەڵ عەرەبی سوننە و كورددا بكات، كەواتە ئەگەر حكوومەتێك نەتوانێت بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی خۆیدا كە عێراقە، بكات، ئەوا دەبوو ئیدارەی ئەمەریكا كار بۆ دابەشكردنی وڵاتەكە بكات و، دەیشبێ ئەمەریكا پشتگیری لە دابەشبوونی بكات.
ئەو پڕۆفیسۆرە باوەڕیشی وایە كە پێویستە ئەمەریكا پێداگری لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی جیاواز لە بەغدا بكات كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق بكات، نەك تەنیا شیعەكان، بەڵام كەس گوێ بەمە نادات. كەواتە هەر وەك ئێوە دەڵێن ئایا عێراق چ هێزێكی بەدەستەوە ماوە بۆ گرتنەوەی مووسڵ جگە لە شیعە توندڕۆكان، كە ئەم میلیشیایانە كۆمەڵكوژی و جینۆسایدیان ئەنجام داوە. تاكە ئامرازێك كە بەغدا بە دەستیەوە ماوە بۆ گرتنەوەی مووسڵ، بریتییە لە میلیشیا ئایینییەكان، یان میلیشیا توندڕۆكان كە مافی هەموو لایەك پێشێل دەكەن، ئەمەیش كێشەیەكە كە وەك پێویست لە واشنتن باس نەكراوە.
