نێچیرڤان بارزانی: لەوانەیە گۆڕانکاری گەورەتر لە عێراق رووبدات

 نێچیرڤان بارزانی: لەوانەیە گۆڕانکاری گەورەتر لە عێراق رووبدات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دۆخى سیاسیى عیراق ئاڵۆزه‌ و پێناچێت وا به‌ ئاسانى ئارام ببێته‌وه‌، له‌وانه‌شه‌ گۆڕانكاریى گه‌وره‌تر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت" گوتیشی: " بەڕاشكاوانه‌ به‌ لایه‌نى عیراقیمان گوتووه‌ كورد هه‌ستى نه‌كردووه‌ هاوبه‌شى ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ عیراق".

سه‌رله‌به‌یانیى رۆژی دووشه‌ممه‌ 2-5-2016 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانی جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ئەنجامدا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بۆ ئازادكردنى گوندى به‌شیر له‌ كه‌ركووك و پاككردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ "تیرۆرستانى" داعش، سوپاس و ده‌ستخۆشى سه‌ركه‌وتنه‌كانى شه‌وى رابردووى له‌ پێشمه‌رگه‌ كرد، هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان كرد و هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست".

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، لەکۆبوونەوەکەدا سەرەتا بە رووداوەکانی بەغدا دەستیپێکرد و رایگەیاند: "دۆخى سیاسیى عیراق ئاڵۆزه‌ و پێناچێت وا به‌ ئاسانى ئارام ببێته‌وه‌، له‌وانه‌شه‌ گۆڕانكاریى گه‌وره‌تر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت". هەروەهایه‌كگرتوویى و هاوهه‌ڵوێستیى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستانیشى له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تى عیراق له‌ دوایین رووداوه‌كانى به‌غدادا، به‌مایه‌ى خۆشحاڵى و پێزانین له‌ قه‌ڵه‌م دا.

نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بە دوایین سه‌ردانى شاندى حكومه‌ت بۆ به‌غدا و چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ جۆن کێری وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسانى عیراق كرد و گوتی: "‌راشكاوانه‌ به‌ لایه‌نى عیراقیمان گوتووه‌ كورد هه‌ستى نه‌كردووه‌ هاوبه‌شى ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ عیراق. جۆن كێریش جه‌ختى له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ پشتگیرى و هاوكاریكردنى سه‌ربازى و دارایى بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌وام ده‌بێت".

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵه‌بانى، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دوایین سه‌ردانى شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا روونیكرده‌وه‌ كە: "له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مریكا و به‌رپرسانى بانكى نێوده‌وڵه‌تیش، دۆخى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تمان بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانى دارایى و چاكسازییه‌كان خستە‌‌ڕوو، ئه‌وانیش ئاماده‌ییى خۆیان بۆ پشتگیرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌".

جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: "به‌رپرسانى ئه‌مریكا پێزانینیان بۆ هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى رێكخستنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان و پرۆژه‌كانى چاكسازى له‌ كه‌رتى دارایى گشتى و بره‌ودان به‌ شه‌فافیه‌تدا هه‌بوو، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش رۆڵیان هه‌بوو له‌ بڕواهێنان به‌ حكومه‌تى ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌سپێشخه‌ریى هاوكاریكردنى دارایى بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تیش پێشمه‌رگه‌".

قوباد تاڵەبانی، جه‌ختى له گرنگیى ئه‌م سه‌ردانانه‌ و سه‌ردانى وڵاتانى دیكه‌ش بۆ روونكردنه‌وه‌ و گه‌یاندنى راستیى دۆخه‌كه‌ و داواكردنى پشتگیرى و هاوكارى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و گوتى: "ئه‌وان ئاگایان له‌ دۆخى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام ورده‌كاریى زیاترمان خسته‌ڕوو و دڵنیا بوونه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان‌ له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ ده‌ربازكردنى قه‌یرانى دارایى و چاكسازى جددیه‌، ئه‌مه‌ش مایه‌ى ده‌ستخۆشى و خۆشحاڵییان بوو".
Top