بەغدا دینارێکیش هاوكاریی شنگالی نەکردووە

 بەغدا دینارێکیش هاوكاریی شنگالی نەکردووە
فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال ڕایگەیاند، تا ئێستا بەغدا تاکە دینارێکێشی بۆ شنگال و دەوروبەری تەرخان نەكردووە، كەچی هاوكاری ئەو هێزانە دەكات كە لە وڵاتانی دیكەوە هاتوونە، ئەوەیش بۆ دووبەرەكی و نانەوەی كێشە و ئاڵۆزییە لە شنگالدا بەڵام زۆری نەماوە و خەڵكی ناوچەكە دژی ئەو هێزانە دەوەستنەوە و دەیانكەنە دەرەوە.

(قاسم دربۆ) فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت: "ئەوە بۆ ساڵ و نیوێکە شارەدێی سنوون ڕزگار بووە، هەروەها ٦ مانگ زیاتریشە شنگال ڕزگار بووە، كە ئەو شوێنانە تا ئێستا سەر بە ئیدارەی مووسڵن، هەتا ئێستا حەیدەر عەبادی كە سەرۆكوەزیرانی عێراقە یەك دیناری بۆ شنگال و خەڵك و هێزی پێشمەرگە سەرف نەكردووە."

گوتیشی: "كاتێك كە دەوری سوپای عێراق لە شنگال و دەوروبەری نەما، ئێستا هاوكاری پەكەكە و یەپەشە دەكات، بۆ ئەوەی كێشە و دووبەرەكی بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵك و ئیدارەی شنگال دروست بكەن، ئەوەیش نەك لە جێگەی خۆیدایە، نابێت پارەی خەڵكی ناوچەكە بدەیتە كەسانی دیكە كە لە وڵاتانی توركیا و سووریاوە هاتوونە، پێویستە پەكەكە كە لایەنێكی كوردە دەست لەو كارە خراپانە بەربدات و نەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەجێندای دەرەکی."

(دربۆ) ئەوەشی گوت: "دەبێت خەڵكی شنگال هەر چی زووە دژی ئەو هێزانە بوەستێتەوە كە دووبەرەكی دەخەنە ناو خەڵكی شنگال' من لەو باوەڕەدام لە ماوەیەكی نزیكدا خەڵكی شنگال دژی ئەو هێزانە دەوەستنەوە، چونكە بەخۆی خەڵكەكەی قەبووڵ ناكەن لایەنێك كە شوێنی ئەو باشووری كوردستان نیە بێتە شنگال و ڕێگری لە خەڵكی ناوچەكە بكات؛ زۆری نەماوە ئەوان لە شنگال و دەوروبەری دوور دەخرێنەوە و خەڵك دژی ئەوان دەوەستێتەوە."
Top