عەبادی داوای دەستگیرکردنی هێرشکەرانی سەر پەرلەمانتاران دەکات
فەرماندەی هێزە چەکدارەکان داوا لە محەممەد سالم غەبان، وەزیری بەرگريی عێراق دەکات هەموو ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن کە هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و، ئەندامانی پەرلەمان و موڵکی گشتیان تێکداوە، هەروەها داوای لێدەکات رادەستی دادگایان بکات.
بڕیار بوو رۆژی شەممە 30-4-2016، پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانکارییە وەزارییەکان و دەنگدان بە چەند وەزیرێکی نوێ کۆببێتەوە، بەڵام بەھۆی تەواونەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران، دانیشتنەکە بۆ ھەفتەی داھاتوو دواخرا.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر كە خۆپیشاندەران ئاراستە دەكات، لە نەجەفەوە گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی "ھیچ کەسێک ناتوانێت رووناکی چاکسازی بکوژێنێتەوە"و جەختیشیكردەوە "یان حكومەت دەڕووخێنن یان دەبێت چاكسازی بكات".
دوای گوتارەکەی موقتەدا سەدر خۆپیشاندەران لە بەغدا روویانکردە ناوچەی سەوز و ئاڵۆزی دروستبوو، دەروازەکانی ئەو ناوچەیەیان بڕی و خۆیان گەیاندە تەلاری پەرلەمانی عێراق و چوونە نێو ھۆڵی پەرلەمان، پاشان خۆپیشاندەران چوونە چەند شوێنی دیکە، لەوانە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران، هۆڵی بۆنەكان و میوانخانەی ئەنجوومەنی وەزیران.
ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران پێش گەیشتنی خۆپیشاندەران بۆ ناوچەی سەوز هەڵاتن، بەڵام هەندێکیان لەنێو باڵەخانەی پەرلەمان گیریانخوارد و زیاتر لە 8 كاژێر گەمارۆدران، بەشێکیشیان کە چەند پەرلەمانتارێکی کوردیشیان تێدابوو، هێرشیان کرایە سەر، لێیان درا و سووكایەتییان پێكرا.
رووداو
