ئارام شێخ محەممەد داوا لە نوێنەرانی وڵاتان دەكات بە ئەركی خۆیان هەڵسن
ئێوارەی رۆژی شەممە 30-4-2016 نووسینگەی رۆژنامەڤانی ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێكی لەبارەی ئاڵۆزییەكانی بەغدا و هێرشی خۆپیشاندەران بۆ سەر پەرلەمان بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیێندراوەكە "جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوای شەش كاژێر لە گەمارۆدانی لە لایەن لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە بە سەلامەتی رزگاری بووە".
ئارام شێخ محەممەد داوا لە لایەن و هێزە عێراقییەكان دەكات بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و گیانی ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد كە ئێستاش گەمارۆدراون، لە مەترسی رزگار بكەن.
هاوكات رێزان شێخ نووری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەكاتی گەڕانەوەی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند،
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەرپرسیارییەتی گیانی ئەو پەرلەمانتاران دەخاتە ئەستۆی سەرجەم هێزە لایەنە عێراقییەكان بە تایبەتی هێزە شیعیییەكان و داواش لە نوێنەری وڵاتان لە عێراق دەكات بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن.
ھۆشیار عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند "ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و پێنج پەرلەمانتاری كورد (محەممەمەد رەزا، پەرلەمانتار لە بزووتنەوەی گۆڕان، لە فراكسیۆنی یەكێتی ھەریەك لە ئارێز عەبدوڵڵا، ئاڵا تاڵەبانی، رەنگین عەبدوڵڵا و رێبوار تەھا) لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراقدا گیریان خواردووە." هەروەها ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتیش لە ناوچەی سەوز گیریخواردبوو.
پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 30-4-2016، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر دوای گوتارەكەی موقتەدا سەدر لە نەجەفەوە، بەربەستەكانی ناوچەی سەوزیان بڕی و دەرگاكانیان شكاند، پاشان گەیشتنە نێو پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ گەیشتنیشیان دەستیان بە تێكشاندنی ئۆتۆمبێلەكانی بەرپرسان كرد.
