ئێستا....هەڵوێستی مالیكی لەبارەی رووداوەكانی بەغدا
رۆژی 30-4-2016 نووری مالیكی ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق و سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توویتەر هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هەڵكوتانە سەر پەرلەمانی عێراق لە لایەن خۆپیشاندەران و لایەنگرانی سەدر راگەیاند.
مالیكی دەڵێت "ئەوە چاكسازی نییە لەژێر هەڕەشەی چەك و رێگرتن لە نوێنەرانی گەل لە چوونە نێو هۆڵی پەرلەمان بۆ دەربڕینی هەڵوێستەكانیان".
مالیكی رەخنەی تووند لە كابینە نوێییەكەی حەیدەر عەبادی دەگرێت دەڵێت "ناونانی وەزیرە نوێییەكان بەبێ تەوابوونی رێژەیی یاسایی پەرلەمان و هەڕەشەی هێرشكردنە سەر پەرلەمانی عێراق رێگای مەترسیدارە لە سەر پرۆسەی سیاسی و پێویستە هەموو لایەك لە سەری بوەستن".
پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 30-4-2016، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر دوای گوتارەكەی موقتەدا سەدر لە نەجەفەوە، بەربەستەكانی ناوچەی سەوزیان بڕی و دەرگاكانیان شكاند، پاشان گەیشتنە نێو پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ گەیشتنیشیان دەستیان بە تێكشاندنی ئۆتۆمبێلەكانی بەرپرسان كرد.
