دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ل عه‌بادی، بایدن له‌ به‌غدا به‌ ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ ده‌كات

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ل عه‌بادی، بایدن له‌ به‌غدا به‌ ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ ده‌كات
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، جۆ بایدن لە بەغدا بە تەلەفۆن لەگەڵ فوئاد مەعسووم قسە دەكات و سەرۆكایەتی كۆماریش هۆكاری كۆنەبوونەوەی لەگەڵ بایدن ئاشكرا دەكات.

بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رۆژی پێنجشەممە 28-4-2016 جۆ بایدن، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، كە بە سەردانێك لە بەغدایە، بە تەلەفۆن لەگەڵ فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق قسەی كردووە.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە "بەڕێز جۆ بایدن لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا لەمیانەی گەشتە خێرا و بەپەلەكەی بۆ ناوچەكە، راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ كرد و تێیدا دووپاتیكردەوە هێزەكانی عێراق سەركەوتنیان بەدەستهێناوە لەوەی كە سەرلەنوێ متمانە بەخۆ بكەن و متمانەی هاوڵاتیانیشیان بەدەستهێناوە كە سەركەوتوو دەبن لە جەنگی دژ بە تاقمی داعش".

سەرۆكایەتی كۆمار دەڵێت "باید ستایشی ئەو رۆڵە گرینگەیشی كرد كە هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیی و خۆبەخشە عەشایرەكان بینیویانە لە یارمەتیدانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵییدا بۆ بەدیهێنانی سەركەوتنە سەربازییە یەكلاییكەرەوەكان كە ورەی چەتەكانی داعشی تێرۆریستیان روخاندوە و سەركەوتنی یەكجارەیی بەسەریاندا نزیك كردووەتەوە".

مەعسووم بە بایدنی راگەیاندووە "عێراق سەركەوتو دەبێت لە جەنگی بنیاتنان و سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەدا، داوایشی لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كرد هانی حەوت دەوڵەتە دەوڵەمەندەكەی جیهان و نەتەوە یەكگرتوەكان بدات پشتیوانییەكانیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق زیاتربكەن".

بەپێی راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار هۆكاری كۆنەبوونەوەی بایدن لەگەڵ مەعسووم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "كە فڕۆكە تایبەتەكەی جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی خۆیدا نەگەیشت بۆ كۆبوونەوە دیاریكراو و تایبەتەكەی نێوانیان، كە پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو، بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی و ئابووریی لە ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات".

فوئاد مەعسوم بە بایدنی گوتووە "بەشێوەیەكی گشتی هەلومەرجی سیاسیی بەرەو جێگیربوون و ئۆقرەیی تەواو هەنگاو دەنێت".
Top