ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی عێراق: پارتی پۆستەکانی بەغدای بەلاوە گرنگ نییە

 ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی عێراق: پارتی پۆستەکانی بەغدای بەلاوە گرنگ نییە
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کورد پێداگری لەسەر پشکی خۆی دەکات، بەڵام مالیکی دەیەوێت بۆ دەسەڵات بگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27\4\2016، ڕێناس جانۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “کورد پێداگری لەسەر پشکی خۆی دەکات، ئێمە لەو پشکە کەمتر ڕازی نابین و فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەوەندە داکۆکی لە شەراکەت و لە بەشداریی کورد دەکەن، ئەوەندە پێداگری لەسەر پۆستەکانی بەغدا ناکەن".

ڕێناس جانۆ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پارتی دیموکراتیی کوردستان، پۆست و پایەکانی بەغدای بەلاوە گرنگ نییە و شەڕیش بۆ هیچ پۆست و پایەیەک ناکات، بەڵام شەڕ بۆ مانەوە و ئیرادەی کورد لە بەغدا دەکات. گوتیشی: “ئەوانەی ئەو فەوزایەیان لە پەرلەمانی عێراق دروست کرد، دیاربوو دارەدەستی مالیکی بوون و لێی سوودمەند ببوون، بۆیە ئەوان ئەو ڕەوشەی ئێستای عێراقیان پێ خۆش نییە و دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن”. جەختیشی لەوە کردەوە کە مالیکی بە هەموو توانایەوە، هەوڵی گەڕانەوە بۆ دەسەڵات دەدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆسیەیەکی زۆری گەندەڵی لەسەر هەیە، گەڕانەوەی “کارێکی ئاستەمە”.
Top