ئەیاد عەللاوی: هەموو لایەنەکانی سیاسی، ئاسایشی و ئابووریی لە عێراق تێکچوون و ”وڵات لە سەروبەندی هەرەسهێناندایە
ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتیمانیی عێراق و یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی عێراق لە میانی ئاهەنگێکی یەکێتیی سەندیکاکانی عێراق رایگەیاند، چەندین جار ”هۆشداریم دا“ لەوەی هەڵوێستە تائیفی و سیاسییەکان و بە سیاسەتکردنی ئایین مەترسیی بۆ سەر یەکڕیزیی عێراق دەبێت و ”رووداوەەکانیش گەورەیی ئەو مەترسییانەیان دەرخست“.
ئەیاد عەللاوی، کە پێشووتر سەرۆک وەزیران و ماوەکەیش جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوو، پێیوایە هەموو لایەنەکانی سیاسی، ئاسایشی و ئابووریی لە عێراق تێکچوون و ”وڵات لە سەروبەندی هەرەسهێناندایە“ و تاوەکو ئێستاش بەشێک لە سەرکردە و سیاسەتمەدارەکان ”بۆ بەرژەوەندییە تائیفی و کەسییەکانیان“ هەوڵ دەدەن.
لەگەڵ ئەوەی هێزە سوننی و شیعییەکانی عێراق بەردەوام شەڕی یەکتر دەکەن و ناتوانن بە یەکەوە لە عێراق بژین، بەردەوام سەرکردە عێراقییەکان هۆشداریی لە پارچە پارچە بوونی عێراق دەدەن.
لێکۆڵەرە رۆژئاواییەکان لە راپۆرتەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن، کە عێراق بەرەو دابەشبوون دەچێت و هەرێمی کوردستانیش بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، چونکە هەروەک سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانی باشوور باسی دەکەن، دەسەڵاتدارانی عێراق مافە یاسایی و دەستوورییەکانی کوردستان پێشێڵ دەکەن و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش داوای لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان کردووە، کە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەن.
باسنیوز
