مووسڵ دەبێتە سێ پارێزگا و شنگال یەکێک لە پارێزگاکان دەبێ
جگە لەو مەرجانەی کە سەرکردایەتیی کوردستان لە بەرامبەر بەشداری پێشمەرگە لە گرتنەوەی مووسڵ لە ھاوپەیمانان داوای دەکا، لە دابینکردنی پێویستییەکانی پێشمەرگە لە چەک و بودجەی تایبەت. بەپێی زانیارییەکان، کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە پێی دراوە، داوایەکی دیکەی کورد لە بەشداریی پێشمەرگە لە گرتنەوەی مووسڵ ئەوەیە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داعش لە مووسڵ سەر ھەڵنەداتەوە و ئەو ناوچانەی پارێزگاکە پارێزراو بن، مووسڵ دابەش ببێت بەسەر سێ پارێزگای سەربەخۆ، یەکەمیان پارێزگای شنگال بۆ ئێزییدەکان کە سەر بە ھەرێمی کوردستان بێت و دووەمیان پارێزگای مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا کە تورکمانەکانیش لەخۆی بگرێ و خۆیان بڕیار بدەن سەر بە کوێ بن، لەگەڵ پارێزگایەک بۆ سوننەکان کە سەنتەری شارەکە بێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوای لە ھاوپەیمانان کردووە کە بەرلەوەی بڕیار بۆ ھێرشکردنە سەر مووسڵ بدەن، پێویستە رێککەوتن لەسەر ئیدارەدانی شارەکە لەدوای داعشدا بکەن و ئەو رێککەوتنە گەرەنتیی ئەوە بداتە پێکھاتەکانی مووسڵ کە ژیانیان پارێزراو دەبێ.
مەحما خەلیل، قائیمقامی قەزای شنگال رای گەیاند، یەکێک لە داواکانی ئەوان لە بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان ئەوە بووە کە شنگال بکرێت بە پارێزگا و سەر بە ھەرێمی کوردستان بێت، گوتی: "داوامان کردووە شنگال ببێت بە پێنجەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئێستا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ٣١ یەکەی ئیداریی ئەو پارێزگایەی بەدەستەوەیە و رزگاری کردوون، گوتی: "پێشمەرگە بە شێوەیەکی فعلی دەسەڵاتی لەو پارێزگایەدا ھەیە، کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بۆ داھاتووی مووسڵ پێشنیازی کردووە، بە شێوەیەک ٤٠٪ی خاکی مووسڵ لەسەر دەستی پێشمەرگە رزگار کراوە".
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانرێ رێگری لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو جینۆسایدە بگیرێ کە بەسەر ئێزدییەکاندا ھاتووە، گوتی: "کێشەی ھەرە گەورەی ئەو پارێزگایە ئەو پانتاییە گەورەیە بووە کە نەتوانراوە ئیدارە بکرێ، لەبەرئەوە ئەو پێشنیازەی سەرکردایەتیی کوردستان لە شوێنی خۆیدایە و کاتی ئەوەیە ئەو رێککەوتنە بکرێت و یەکلا بکرێتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئێستا دۆخی مووسڵ بۆ ئەو رێککەوتنە لەبارە و ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەش لەو قەناعەتەدان کە ناوچەکە دابەش بکرێتە سەر چەند ئیدارەیەکی سەربەخۆ.
لای خۆشیەوە عەبدولباری زێباری، پەرلەمانتاری مووسڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا رای گەیاند، ھەر پێش داعش و کۆبوونەوەی توندڕەوەکان لەو پارێزگایە ئەوە دەرکەوتبوو کە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە رووی کردارییەوە لەو پارێزگایە زەحمەتە و ناکرێ، گوتی: "ھەر ئەوکات بیر لەوە دەکرایەوە کە ئالییەتێک بۆ چارەسەرکردنی ئەوە بدۆزرێتەوە، بە شێوەیەک ئەگەر پارێزگاکە چەند ئیدارەیەکی ھەبوایە ئەوا پارێزراوتر دەبوو".
گوتیشی: "ئێستا پلانێکی باشە ئەگەر بێت و بە دابەشبوونی ئەو پارێزگایە بۆ سەر چەند ئیدارەیەکی سەربەخۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو دۆخە بکرێ، کە بەسەر خاک و خەڵکی ئەو پارێزگایەدا ھات".
ئەو پەرلەمانتارە راشی گەیاند، ھاوپەیمانان و ئەمەریکاش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی جگە لە میکانزمی دابەشکردن و نێوان کردن بۆ پێکھاتەکانی ئەو پارێزگایە، ھیچ رێگەیەکی دیکە نییە کە بتوانێ پارێزگاری لە پێکھاتەکانی ئەو پارێزگایە بکات، گوتی: "نێوانی پێکھاتەکان لە رۆژئاوای پارێزگاکە روونە کە ئێزدییەکانن و لە دەشتی نەینەوا تورکمان و مەسیحییەکان و لە سەنتەری شارەکەشدا ئێستا عەرەبی سوننە زۆرینەیە، ئاسانە بۆ جیاکردنەوەی سنوورەکانی نێوانیان و کردنیان بە سێ پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ".
جێی باسە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان بێت گرتنەوەی پارێزگای مووسڵ نزیک بووەتەوە.
باسنیوز
