موقتەدا سەدر گەیشتە بەغدا

موقتەدا سەدر گەیشتە بەغدا
موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر گەیشتە بەغدای پایتەخت و وابڕیارە سبەینێ‌ بەشداریی لەو خۆپیشاندانەدا بكات كە پێشتر بانگەشەی ئەنجامدانی بۆ كردبوو.

موقتەدا سەدر گەیشتە بەغدای پایتەخت و وابڕیارە سبەینێ‌ سێ‌ شەممە، بەشداریی لەو خۆپیشاندانە ملیۆنییەدا بكات كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی تەكنۆكرات داوای لە لایەنگرانی كردبوو كار بۆ رێكخستنی بكەن.

سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر بە پەیامنێری خەندانی راگەیاند: "ئەمڕۆ موقتەدا سەدر گەیشتە بەغدا و پێشبینی دەكرێت سبەینێ‌ بەشداریی لەو خۆپیشاندانەدا بكات كە لە بەغدا بۆ مەبەستی خستنەڕووی داواكارییەكان سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی تەكنۆكرات و بنەبڕكردنی گەندەڵی و پشكداریی سازدەكرێت".

ماوەیەك لەمەوبەر موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر و لایەنگرانی، خۆپیشندانێكی بەرینیان لە گۆڕەپانی تەحریر و پاشان لەبەردەم دەروازەكانی ناوچەی سەوز ئەنجامدا و داوایان لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد، پەلە بكات لە پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات و كاریی جدی بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی لە دامودزگاكانی دەوڵەتدا بكات.
Top