فوئاد مەعسووم: دەبێت لایەنەکان رێکبکەون، ناکرێت ئەو دۆخە بەردەوام بێت
فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو کە شەوی چوارشەممە 20-4-2016 بڵاوکرایەوە، باسی لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراق کرد و تێڕوانینەکانی خۆی وەک سەرۆک کۆمار خستەڕوو.
لەبەشێکی قسەکانیدا فوئاد مەعسووم، سەبارەت بە هەنگاوەکانی عەبادی بۆ دوورخستنەوەی جێگرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران گوتی: "کاتی خۆی کە حەیدەر عەبادی هەڵبژێردرا و بوو بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، دیارە هەندێک بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبوو، بەڵام وەنەبوو ئەو شتانە دەربخات باسی بکات کە کێشەی هەیە لەگەڵ وەزیرەکانی، کێشەی هەیە لەگەڵ هەندێک لە دەزگاکان، هەندێک هەنگاوی نا، دەرئەنجامی ئەو هەنگاوانە لادانی سێ جێگری سەرۆککۆمار و سێ جێگری سەرۆکوەزیران بوو، بەبێ ئەوەی پرس بکات، ئەوانەی دوورخستەوە، سەیرەکەش لەوەبوو دەستبەجێ دوای چەند کاژێرێک پەرلەمان بڕیاری لەسەردا، لەوەوە کێشەکان هاتنە پێشەوە و دروستبوون".
سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و سەرنەگرتنی، فوئاد مەعسووم گوتی: "هەمووان لەسەر پرۆژەکە رەزامەند بوون، بەڵام لە رووی هونەرییەوە لایەنێک خۆی زیاتر بۆ ئامادەکردبوو، سیناریۆی بۆ دانابوو چۆن دەستپێدەکات و بەچ شێوەیەک چی بۆ ئامادە دەکات، رەنگە لایەنەکەی دیکە بەو شێوەیە بیری نەکردووەتەوە، بۆیە بە ئەنجام نەگەیشت، ئەوە نەبوو لەو نەخشە رێگایەی داماننابوو کەموکوڕییەک هەبێت، زۆر بە سرووشتی بەڕێوە دەچوو و هەمووشی لەسەری رەزامەندبوون".
سەرۆککۆماری عێراق بە ئاماژەدان بەوەی، بێگومان پرۆژەی دیکەمان بۆ ئەو دۆخە دەبێت، چونکە دەبێت لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت، گوتی: "ئەوە نییە لایەنێک بەهێز بتوانێت بەسەر لایەنەکەی دیکە خۆی فەرز بکات، هەر دەبێت بگەینەوە بە یەکتر لە رێگای گفتوگۆ، چاوەڕوانم لە شەممەی داهاتووەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسە بکەم بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکی دیکە دابنێین، چونکە ئێستا هەموو لایەنەکان سەیری سەرۆکایەتی کۆمار دەکەن، کە بەشێک نییە لە ململانێیەکان، ئەوە هەنگاوێکی گرنگە، دوێنی ئەوانەی مانیانگرتبوو هاتنە لام، پێمگوتن نە لەگەڵ ئێوەم دژی لایەنەکەی دیکە، نە لەگەڵ ئەوانم لەدژی ئێوە، بەڵام دەبێت هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، ناکرێت پەرلەمان رابووەستێت و سڕ بکرێت نەتوانێت ئیش و کارەکانی خۆی بکات، چونکە سیستەم، سیستەمێکی پەرلەمانییە، کەواتە دەبێت پەرلەمان هەمیشە کارا بێت ئیش وکارەکانی بەڕێوە ببات".
فوئاد مەعسووم سەبارەت بە لایەنی کوردستانیش، گوتی: "هەندێکجار دەگوترێت لایەنی کوردستان وەک ئەوەی سەرۆکایەتی کۆمار پەیوەندی بە کوردستانەوە نەبێت، ئەوە راست نییە، بەڵکو کوردستان بەشێکە لەو دەوڵەتە، لەلایەکی دیکەوە بەرژەوەندییەکانی ئەوانیش وەکو بەرژەوەندی هەر لایەنێکی دیکەیە، راستە من ناکرێت هەردەم خەریکی ئەو کارە بم و ئەوەی دیکە واز لێبێنم، بەڵام ئەوەی کە زۆر یارمەتیم دەدات، سەرۆکایەتی کورد هەمیشە دیارە و بەشدارە، هەروەها لە پەرلەمان و شوێنەکانی دیکەش".
ئایا ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە دەبێت بمێننەوە، لەوە وڵامدا فوئاد مەعسووم گوتی " هەندێک کەس ئەو لێدوانانە دەدەن، رەنگە شارەزاییان لە بابەتەکەدا نەبێت، سەبارەت بە پەرلەمان دەکرێت، هەر کاتێک بیانەوێت سەرۆکایەتییەکەی بگۆڕن، بەڵام سەرۆکی حکومەت هەر ئەوە نییە بڵێن بڕۆ و تەواو، رێگا هەیە دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، واتە هەندێک سەرپێچی هەیە بانگ دەکرێت بۆ پەرلەمان لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت، ئەوکات بڕیاری لێدەدەن دەمێنێت یان نامێنێت، ئەوەش پێویستی بەکات هەیە، هاوکات پێویستی بەوە هەیە رێگەی پێبدرێت بەرگری لەخۆی بکات و پاکانە بۆخۆی بکات".
لەبارەی دەنگۆی لادانی سەرۆککۆمار لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، فوئاد مەعسووم گوتی: "سەرۆککۆمار تەنیا لە رێگەی دادگای فیدراڵەوە لادەدرێت، دوای ئەوەی ئەگەر هاتوو سوێندی بەدرۆ خواردبوو یان خیانەتی گەورەی کردبوو، یانیش لە دەستوور لایداوە، ئەوکات دادگا دەبێت سەیری بکات و لێی بکۆڵێتەوە، بڕیاربدات، ئەوکات بڕیارەکە دێتە پەرلەمان، ئەوانەی باس لەلادانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار دەکەن بەو شێوەیە، شارەزاییان نییە، بەڵکو تەنیا درووشمەو فڕێی دەدەن".
سەرۆککۆماری عێراق سەبارەت بە قسەی ئەمریکا لەبارەی گۆڕینی سەرۆکایەتییەکانەوە گوتی: "ئەمریکییەکان بە پەرۆشن، نایانەوێت ئەو رۆڵەی کە هەیانبووە لە عێراق و بەو قۆناخە گەیشتووە، ئێستا هەمووی بەرەو تێکچوون بڕوات، بێگومان ئەوان ئارەزووی ئەوە دەکەن، عێراق سەقامگیر بێت و کێشەکانی کەمبووبێتەوە، هاوکات ئەمریکا شانازی پێوە بکات بڵێت من بوومە هۆی ئەوەی عێراق گەیشتە ئەو قۆناخە".
گوتیشی: "ئەمریکییەکان لەوە نیگەرانن، لەلایەکەوە شەڕ هەیە، لەلایەکەوە دۆخی ئابووری تێکچووە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی ئێستا هاتوونەتە پێش، بەڵام وەنیە دەستێوەردان بکەن، ئەمریکا لە زۆر رووەوە یارمەتیمان دەدات، سەبارەت بەو شەڕەی رووبەڕووی داعش بووەتەوە لە چەندین ناوچەی عێراق، ئەوانن کە یارمەتی راستەقینە دەدەن و بەهێزەوە هاتوونەتە پێش، راستە وڵاتانی دیکەش هەن، بۆ نموونە ئێران یەکەمین وڵاتبوو کە هات یارمەتیداین، بەڵام ئەو هێزەی کە ئەمریکا ئێستا بەکاری دەهێنێت، هەر لە توانای ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، کە بتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات".
سەبارەت بە پەیام و رێنمایی ئەمریکا بۆ عێراقییەکان فوئاد مەعسووم گوتی: "ئەوان زیاتر نیگەرانی خۆیان پێشان دەدەن لەو دۆخەی هەیە، وەنییە ئەو فەرمان بدات و ئێمە جێبەجێی بکەین، لەگەڵ هیچ یەکێک لەو وڵاتانە بەو شێوەیە نییە، بەڵام ئەوان وەکو لایەنێکی دۆست پەرۆشی خۆیان بۆ دۆخەکە پێشان دەدەن، ئێمەش بێگومان بە دۆستیان دەزانین و هەندێک وڵاتی دیکە هەیە لە ناوچەکەدا ئەوانە بە برا دادەنرێن، راوێژکردن و پرس و را لەگەڵ یەکترکردن شتێکی باشە".
دەگوترێت حیزبەکان بڕیار بەدەستی خۆیان نییەو بە وڵاتێکەوە بەستراونەتەوە، بۆیەش عێراق گەیشتووەتە ئەو دۆخە، فوئاد مەعسووم لە وەڵامدا گوتی: "نەخێر ئەوە وانییە، ئەو ناکۆکییەی کە هەیە ئەوە نییە وڵاتێک لەدوای ئەوەبێت ئەو ناکۆکییە گەورەبێت و ببێتە مایەی ئەوەی دۆخی عێراق تێکبچێت، باوەڕناکەم شتی وا هەبێت، راستە رەنگە هەندێک وڵات هەبن زۆر دڵیان بە عێراق خۆش نەبێت بەو دۆخەی تێیدایە، بەڵام عێراق توانیویەتی لەو ماوەیە پێشانی دونیا بدات، چەندین هەڵبژاردن دەکرێت و سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەگۆڕن، وابزانم ئەو وڵاتانەی حەز بە دیموکراتییەت دەکەن ئەوەیان پێخۆشە، بەڵام تۆمەتبارکردن کارێکی ئاسانە هەرکەس بە کەیفی خۆی تۆمەت بۆ ئەو و ئەو دروست دەکات".
سەرۆککۆماری عێراق سەبارەت بە تێڕوانینی بۆ دۆخی ئێستای پەرلەمانی عێراق گوتی: "رەنگە ئەو دۆخە چەند رۆژێکی دیکە ببات، زۆر زۆر چەند هەفتەیەک دەبات، بەڵام دەبێت چارەسەر بکرێت بگەنە ئەوەی بەیەکەوە دانیشن، جا لەسەر چ بنەمایەک رێکدەکەون بەچ شێوازێک دەبێت، دەبێت رێکبکەون، ناکرێت ئەو دۆخە بەردەوام بێت، ناکرێت لە عێراق دوو پەرلەمان و دوو حکومەت هەبێت، ئەوە مومکین نییە بە هیچ شێوەیەک".
دەگوترێت لەدوای پێشنیارکردنی حکومەتی تەکنۆکراتی عەبادییەوە دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزبوو، عەبادی بەر لەوەی پێشنیازی ئەو پرۆژەیە بکات هیچ پرس و رایەکی بە ئێوە کردبوو؟ فوئاد مەعسووم لە وەڵامدا گوتی: "نە بەمن، نە بەکەسی دیکەی نەکردبوو، دواتر لە چەندین کۆبوونەوە گلەیی ئەوەی لێکرا، چونکە هەندێک کەس هەر بە هەڵە تێگەیشت، ئەویش وەنەبوو بەشێوەیەکی تەواو روونی بکاتەوە، ئەو دەڵێت تەکنۆکرات، باشە حیزبەکان تەکنۆکراتیان نییە، بێگومان هەموویان تەکنۆکراتیان هەیە، بڵێت ئەوانەی کە بەشدارن لە حکومەت پێویستە خەڵکی تەکنۆکرات دابنێن هەر یەکەو لە بوارێک، بەڵام نەک ئەو بێت دایبنێت، کەس ئەوە قبووڵ ناکات".
رووداو
