پەرلەمانتارێکی یەکێتی: دەوڵەتی یاسا دەیەوێت تۆڵە لە عەبادی بکاتەوە و مالیکی بگەڕێنێتەوە
سۆزان بەکر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: تائێستا 171 واژوو کۆکراوەتەوە، شیعە و دەوڵەتی یاسا و هەندەک پەرلەمانتاری کوردیشیان لەنێو دایە. دەیانەوێت متمانە لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق وەربگرنەوە، یەکەمجار سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی، دواتر سەرۆکی حکوومەت و سەرۆک کۆمار“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە شەوی ڕابردوو تا درەنگانی شەو، فواد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمان و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەدا بوون. گوتیشی: ”ئێمە لەگەڵ ئەو بارودۆخە و هەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتییەکانی عێراقدا نین، زۆرتر ئەوانە دەیانەوێت سەرۆکایەتییەکان هەڵبوەشێننەوە کە لەناو پەرلەماندا مانیان گرتووە“.
سۆزان بەکر ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەشێک لەوانەی لەناو پەرلەماندا مانیان گرتووە، ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسان و گوتی: ”ئەوانە دەیانەوێت تۆڵە لە حەیدەر عەبادی بکەنەوە و نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بگەڕێننەوە“. جگە لەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارە سوننەکانیش، بەهۆی ئەوەی ویستوویانە بکرێنە وەزیر و نەکراون، دەیانەوێت تۆڵە لە جبووری بکەنەوە، وەک ئەو گوتی.
لە نێو فراکسیۆنە کوردستانییەکانیشدا، ژمارەیەک پەرلەمانتارە چوونە نێو مانگرتووانەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەبارەت بە هەڵوێستەکەی ئەمڕۆیان لە پەرلەمانی عێراق، یەکهەڵوێست بن.
باسنيوز
