له عێراق 29 سه‌ركرده‌ی داعش كوژران
له‌بڵاوكراوه‌ی فه‌رمی هێزه هاوبه‌شه‌كانی عێراقدا هاتووه: " له‌كاتێكدا سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌رده‌وامن به‌سه‌ر داعشدا، تیمی هه‌ڵۆكانی هه‌واڵگری به‌گوێره‌ی زانیاری وردی هه‌واڵگری دوو هێرشیان كرده سه‌ر سه‌ركرده‌كانی داعش".
له‌بڵاوكراوه‌كه‌دا هاتووه: " یه‌كه‌م هێرش له شارۆچكه‌ی قائیم له‌وپه‌ڕی ڕۆژئاوای عێراق جێبه‌جێكرا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركرده‌كانی داعش كرایه ئامانج، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا تاوتوێی پاشه‌كشه‌كردنی داعش له‌زۆربه‌ی ناوچه‌كان ده‌كرا، له‌هێرشه‌كه‌دا 16 ئه‌ندامی باڵای ئه‌و گروپه كوژران، له‌وانه 9 ته‌رمیان ڕه‌وانه‌ی سوریا كرانه‌وه، ته‌رمه‌كانی تریش بۆ نه‌خۆشخانه‌ی قائیم به‌ڕێكران".
له‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌كوژراون، ئه‌م ناوانه بینراون:
-ئه‌بوسلێمانی چیچانی، به‌رپرسی كه‌تیبه‌ی خۆراسان.
-شێخ جه‌مال ته‌ركی عیساوی ناسراو به عه‌بدولعه‌زیز جنوبی، هاوكاری ئه‌بو ئه‌یوبی میسری بووه كه‌له‌دوای زه‌رقاوی بووبه ڕابه‌ری قاعیده له‌عێراق.
-زیاء زه‌بوع حه‌ردانی، والی كاتی ویلایه‌تی فورات.
-ئه‌بوئه‌حمه‌د جنوبی، په‌یامنێری به‌غدادی و عه‌دنانیه.
-عه‌بدولباست جومه‌یلی ناسراو به ئه‌بو حوزه‌یفه، یه‌كێكه له‌سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و گروپه له‌فه‌لوجه‌دا.
له‌وانه‌ش كه‌برینداربوون، ئه‌بو ئه‌نه‌سی سامه‌ڕایی، والی پێشوی فورات ده‌بینرێت.
له‌بڵاوكراوه سه‌ربازییه‌كه‌دا هاتووه: " هێرشی دووه‌م كراوه‌ته سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌بو ئه‌یوب، له‌شارۆچكه‌ی ڕاوه‌دا. له‌ویشدا 13 سه‌ركرده كوژران و 12ی تریش برینداربوون".
باس‌نیوز
