یەکگرتوو داوایەکی عەبادی رەتدەکاتەوە
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای CV چالاكڤانێكی ژنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ یەكێك لە پۆستە وەزارییەكانی حكومەتی عێراق دەكات.
رۆژی پێنجشەممە 31-3-2016 جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە وەكالەت لە لێدوانێكیدا لە شاری بەغدا ئاشكرای كرد "حەیدەری عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای CV د.عالیە فەرەج، مامۆستای زانكۆ و یەكێك لە ژنە چالاكڤانەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی بۆ یەكێك لە پۆستە وەزارییەكانی كردووە".
جەمال كۆچەر گوتی:" عەبادی زۆر هەوڵیداوە لایەنە كوردییەكان بە شێوەی جیاواز بۆ خۆی رابكێشی، بەڵام هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان روون و ئاشكرایە: ئەگەر ئەمینداری گشتی ناوی خۆی پیشكەش بكات، ئێمە دەنگی پێنادەین، چونكە ئەگەر پارتی بێت یان گۆڕان یان یەكێتی یاخود هەر كەسێكی دیكە ئازادە، بەڵام هەڵوێستمان روونە دەنگی پێنادەین بۆیە رەتیدەكەینەوە".
بەپێی قسەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو عەبادی دەیەوێ بەم كارانەی ناكۆكیی لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان دروستبكات و دەڵێ:" عەبادی ئەجێندای تایبەتی خۆی هەیە دەوێ هەندێك لایەن وەكو پارتی و یەكێتی لاواز بكات و پێیان بڵێ: بەدیل هەیە ئێمەش پێمان راگەیاندووە: كورد یەك دەنگە و یەك كێشەی هەیە".
جەمال كۆچەر ئەوەشی روونكردەوە، عەبادی داوای لە عالیە فەرەج و هۆشیار رەسوڵ لە نێو یەكگرتوو كردووە تاوەكو CV خۆیان پێشكەش بكەن بۆ پۆستەكان و، دەڵێ:" دكتۆرە عالیە پەیوەندی بە ئەمیندار كردووە، ئەویش وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: كورد یەك دەرگای هەیە بۆ پێشكەشكردنی CV ئەویش هەر 5 لایەنە كوردستانییەكەیە لە بەغدا".
سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رەتیكردەوە بە فەرمی هیچ سیڤییەكیان بۆ گۆڕانكارییەكان لە كابینەی عەبادی پێشكەشكردبێت گوتی:" ئێمە پابەندین بە دوایین كۆبوونەوەی چوار حیزبەكە لە سلێمانی بەبێ لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا هیچ هەنگاوێك نانێین، سوورین لە سەر جێگركردنی رێژەی 20% بۆ كورد لە سەرجەم پۆستەكانی حكومەتی عێراقی".
رووداو
