خەلیلزاد: ئەمەریكا بۆ بەرژەوەندیی ئێران، عێراق جێناهێڵێ

   	 	 خەلیلزاد: ئەمەریكا بۆ بەرژەوەندیی ئێران، عێراق جێناهێڵێ
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكا لە بەغدا ڕایگەیاند وڵاتەكەی لە عێراق زەرەرمەند نەبووە لە بەرامبەر بەرژەوەندییەكانی حكوومەتی ئێران.

زەڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكا لە بەغدا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ڕەتیكردەوە كە واشنتۆن لە بەرامبەر بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق زەرەمەند بووبێت و ئەوەی ڕاگەیاند كە ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە شیعەكان هەوڵ بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا دەدەن، چونكە نیگەرانن لەوەی دوای نەمانی داعش، ملیشیاكان ببنە ئامرازێك بۆ شەڕی ناوخۆی شیعە لە عێراق.

لەلایەكی دیكەوە، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكا پلانی وڵاتەكەی بۆ پاڵپشتیی زیاتری سەربازی لە عێراق ئاشكرا كرد.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن، ژەنراڵ جۆد دانفۆرد، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا ڕایگەیاند وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەی بەنیازە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشنیارێك بداتە باراك ئۆباما بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتری پاڵپشتیی سەربازیی ئەمەریكا بۆ هێزە عێراقییەكان.
هەروەها بەپێی ئەو پلانەی پنتاگۆن، هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی عێراق دەكرێت بۆ پاڵپشتیی هێزەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوا.
Top