سوپای ئەمریکا: هێزی زیاتر رەوانەی عێراق دەکەین
جنراڵ جۆزێف دانفۆرد لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا پێشبینیی کرد ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە ئێستا 3800 سەربازن زیاتر بکرێ و پاڵپشتیی زیاتریان بۆ رەوانە بکرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی فراوان لە دژی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە مووسڵ" و ئاماژەی کرد کە: "ئەم بڕیارانە هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی جێبەجێکردن".
جنراڵ جۆزێف دانفۆرد گوتیشی: "سوپای ئەمریکا لە چەند مانگی رابردوو رێژەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگریی لەگەڵ سوپاکانی ئەوروپا زیاتر کردووە هاوکات لەگەڵ هەوڵی رێگەگرتن لە چوونی چەکدارانی بیانیی بۆ سووریا و عێراق".
سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارانی ئەمریکا ئاشکراشی کرد کە: "چەکدارانی بیانیی لە زیاتر لە 100 وڵاتەوە روویان لە سووریا و عێراق کردووە و ئێستا لەوێ دەجەنگن و خەمڵاندنەکانمان لە بارەی تێکرای ژمارەی ئەو چەکدارانە باس لە 30 هەزار چەکدار دەکەن، بۆیە پێویستمان بە هاوکاریی زیاتر هەیە بۆ رێگەگرتن لە هێرشەکانی هاوشێوەی ئو هێرشانەی لە برۆکسل روویان دا".
K24
