پیلانێكی مالیكی بۆ كودەتا لە دژی عەبادی ئاشكرا دەبێت و تاران پشتگیری لە پلانەكەی مالیكی كردووە
سەرچاوەكە كە لە هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەیە بە رۆژنامەی "ئەلشەرقول ئەوسەت"ی راگەیاندووە لەو كاتەوە كە حەیدەر عەبادی بووەتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق؛ مالیكی هەوڵی داوە بەربەست و ئاستەنگ بخاتە بەردەمی بە مەبەستی شكستهێنان بە حكوومەتەکەی و رێگە خۆشكردن بۆ گەڕانەوەی خۆی وەك سەرۆك وەزیران.
سەرچاوەكە جەختی كردووەتەوە كە مالیكی لە چەند هەفتەی رابڕدوودا هەوڵی زۆری داوە كە سەركردەكانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعی؛ رازیان بكات كە بگەڕێتەوە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
ئەندامەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە گوتیشی هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ئەبو مەهدی موهەندیس سەركردەی پێشووی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی سەركردەی میلیشیا شیعەكان پشتگیری لە پلانی گەڕانەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەكەن؛ ئەویش بەهۆی پشتگوێخستنیان لەلایەن ئیدارەی عەبادی و ئەمەریكاوە.
سەرچاوەكە روونیشی كردووەتەوە كە بۆ ئەم مەبەستە؛ نوری مالیكی چەند جارێك سەردانی ئێرانی كردووە و بۆ سەرگرتنی ئەو پلانەش پشتگیری ئێرانییەكانی بەدەست هێناوە و بەڵێنیشی پێداوە كە ئەگەر گەڕایەوە پۆستی سەرۆك وەزیران هەموو هاوكارییەكی دەكات بۆ سەرخستنی حكوومەتەكەی.
باسنیوز
