كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا داوای جێگیركردنی پێشمەرگە لە ناوچەكانیان دەكەن
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ناوەندی هەواڵی ئازاد، (ئەنوەر مەتی هەدایا) كەسایەتییەكی دیاری كریستییانەكانی مووسڵ و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند باوەڕی تەواویان بە هێزەكانی پێشمەرگە هەیە بۆ پاراستنیان، بۆیە داوای كرد ئەو هێزانە لە ناوچەكانیاندا جێگیر بكرێن. (ئەنوەر مەتی) وتی دوای پەلاماری داعش بۆ سەر مووسڵ و ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی كریستیانی ناوچەكە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەمان بۆ دەركەوت كە خەڵكی هەرێمی كوردستان بە گیانێكی لێبوردەیی و بێ جیاوازیدانان پێشوازییان لێكردین و ئێستاش بە بێ كێشە و گرفت لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن. هەروەها داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی كرد كە دوای ئازادكردن كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان بكەن و وتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی بەشداریكردنی لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەی پێداون. هەر لەم بارەیەوە، وەك قۆناغی یەكەم، حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی سنوورداری لەو ناوچە كریستیان نشینانە كە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد كراون، خستووەتە بەرنامەی كاری خۆیەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا داواكار بوو هەرچی زووە ناوچە داگیركراوەكانیان ئازاد بكرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵكەكەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانی ئاساییان دەست پێبكەنەوە.
