فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق هەزاران بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی موسڵدا فڕێدایە خوارەوە

فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق هەزاران بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی موسڵدا فڕێدایە خوارەوە
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، فرۆکە جەنگییەکانی عێراق هەزاران بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی موسڵ و فەلوجە و حەدیسەدا فڕێداوەتە خوارەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی بەرگری عێراق ئاشکرای کردووە، فرۆکە جەنگیەکانی عێراق بەهەزاران بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی فەلوجە و حەدیسە و موسڵدا خستووتەوە خوارەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆتایی هاتنی داعش نزیکە و لێرە بەدواوە هاوڵاتیان خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی دوای داعش.

لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، جیهان شانازی بە خۆڕاگرییەکانی دانیشتوانی حەدیسە و موسڵ و فەلوجەوە دەکات و بەم نزیکانەش ئەو ناوچانە لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا نامێنێت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە عێراقییەکان لە دەوروبەری فەلوجەدا پێشڕەوییان کردووە و توانییویانە چەند ناوچەیەک کۆنترۆڵ بکەنەوە.

لەماوەی ڕابردووشدا دەیان جار فرۆکە جەنگییەکانی عێراق، بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی موسڵدا فڕێ داوەتە خوارەوە و بەڵێنی ئەوەیان بە دانیشتوانی شارەکە داوە کە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ نزیک بووەتەوە.
Top