جەبار یاوەر: پڕۆسەی رزگاركردنی موسڵ دەستیپێنەكردووە
دوێنێ شەممە برێت ماكگۆرك، نوێنهری تایبهتی باراك ئۆباما، سهرۆكی ئهمریكا له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا له كونسوڵخانهی وڵاتهكهی له شاری بهغدا رایگهیاندبوو شهڕی رزگاركردنی شاری موسڵ له ئێستادا دهستیپێكردووه، چونكه رێگای سهرهكی داعش لهنێوان موسڵ و رهققه بهتهواوهتی پچڕێنراوه.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ یەکشەممە بە خەندانی راگەیاند "هێشتا پڕۆسەی رزگاركردنی موسڵ لەدەست داعش دەستیپێنەكردووەو پێشبینیش ناكەم بەمزووانە دەستپێبكات".
وتیشی: "تەنها ئامادەكاریی كراوە بۆ پڕۆسەكەو چەند فیرقەیەكی سوپای عیراق براونەتە مەخمورو هێزی پێشمەرگەش ئامادەیە، بەڵام هێشتا ئامادەكارییەكان كۆتاییان نەهاتووە".
جەبار یاوەر جەختیكردەوە بۆ پڕۆسەی رزگاركردنی موسڵ دەبێت لەرووی سەربازی و سیاسیشەوە رێككەوتن بكرێت، چونكە هێشتا لایەنە سیاسییەكان ناكۆكن لەسەر بەشداریكردنی هێزەكان لەو پڕۆسەیەداو هاوكات دەبێت رێككەوتنیش بكرێت لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پارێزگاكە لەدوای رزگاركردنی.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد، هێشتا سوپای عیراق چەند ناوچەیەكی زۆری وەكو فەلوجەو قائیمی لەبەردەستدا ماوە رزگاری بكات تا بەڕێگەی پیادە بگاتە باشووری موسڵ لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی پڕۆسەكە.
شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە 10ی مانگی شەشی ساڵی 2014 كەوتە دەست رێكخراوی داعش دوای كەوتنی سوپا لەو پارێزگایە.
لە ساڵی رابردووەوە ئامادەكارییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە لەلایەن عیراق و هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانانەوە دەستیپێكردووە.
لەچەند مانگی رابردوودا دوو فیرقەی سوپای عیراق لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندا لە قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر جێگیركران.
لەچەند رۆژی رابردووشدا داعش چەند رۆژێك لەسەریەك بۆردوومانی ئەو هێزانەی سوپای عیراقی كرد كە لە مەخمور جێگیركراون و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەك سەرباز كوژران و برینداربوون.
خەندان-
