دانیمارک هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەکان رەوانەی عێراق دەکات
لارز لویکی، سەرۆکوەزیرانی دانیمارك لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی دانیمارك راگەیاند، وڵاتەکەی 400 سەرباز رەوانەی عێراق دەکات، کە بەشێکیان سەر بە هێزی ئاسمانی و یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەکانن.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی دانیمارک داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرد "هێرشەکانیان بۆسەر داعش چڕتر بکەنەوە، کە ژن و پیاو و منداڵی بێتاوان دەکوژن".
تاوەکو ئێستا وادەی دووبارە بڵاوکردنەوەی فڕۆکەی F16 ی دانیمارکی دیارنییە، بەڵام بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوودا، پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەنگ لەسەر ئەو پرسە بدات.
دانیمارک، لە مانگی تشرینی ساڵی 2014 دا هاتووەتە نێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش، کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی کاتی ئەرکی فڕۆکە F16 کان و سێ فڕۆکەی دیکەی خزمەتگوزاری لەو شەڕەدا راگرت.
رووداو
