عێراق حزبوڵڵا بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناناسێنێت

 عێراق حزبوڵڵا بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناناسێنێت
وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی ئامادە نابێت حزبوڵڵای لوبنانی بە رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت.



رۆژی چوارشەممە 2ـی ئاداری 2016، وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی لە تونس کۆبوونەتەوە و بەیاننامەیەکیان دەرکردووە.



لە کۆبوونەوەکەدا بە زۆرینەی دەنگ، حزبوڵڵا بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە و ئەم هەنگاوەی وەیرانی ناوخۆ دوای بڕیاری ئەنجومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دێت، کە رۆژی چوارشەممە حزبوڵڵای خستە لیستی تیرۆرەوە و بڕیاری دا بە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ سەرکردە و ئەندامانی بکات.



بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ”محەمەد ئەلغەبان“، وەزیری ناوخۆی عێراق وەک ناڕەزایی دەربڕین لە کۆبوونەوەکە هاتووەتە دەرەوە و رەتیکردووەتەوە حزبوڵڵا بە تیرۆریست بناسێنێت.



حزبوڵڵای لوبنانی، رێکخراوێکی چەکدارییە و لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەکرێت و لە شەڕی ناوخۆیی سوریاش، چەکدارەکانی، پشتگیریی رژێمی سوریا دەکەن.












باسنیوز
Top