"عەبادی پەیوەندی بە چەند کەسایەتییەکی کوردەوە کردووە"
پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 1-3-2016 سەرۆک فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە بەغدا کۆبوونەوە.
د.موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکان لەبارەی حکومەتەوە تاوتوێ کران و بیروڕاکان ئاڵوگۆڕکران.
د.موسەننا ئەمین، روونیکردەوە، لەکۆبوونەوەکەدا وێڕای پاراستنی یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا جەخت لەوەکرایەوە، کە نابێ پشکی کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق لە 20% کەمتربێت و دەبێ عەبادی وەک کورد بەیەک پاکێج گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکات، هەر هەوڵێکی تاکلایەنە بۆ دانووستان و گفتوگۆکردن رەتکرایەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، بەبێ ئەوەی ناوەکانیان بهێنێت ئاماژەی بەوەکرد، حەیدەر عەبادی، لەوماوەیەدا پەیوەندی بە هەندێک بەرپرس و لایەنی کوردی کردووە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە، بۆیە کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە دەبێت وەک نەتەوە گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکرێت و هەر هەوڵێکی تاکلایەنە رەتدەکەینەوە.
