عەبادی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان کەم دەکاتەوە

 عەبادی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان کەم دەکاتەوە
گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە سەرۆک وەزیران بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان دەدات.


"سەعد حەدیسی"، گوتەبێژی نووسینگەی "حەیدەر عەبادی"، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسێکی عێراقی راگەیاندووە، کە کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە میانی پرۆسەی چاکسازییە لە عێراق.


هەروەک سەعد حەدیسی رایگەیاندووە، حەیدەر عەبادی پێیوایە، زۆربوونی ژمارەی پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، "بودجەی وڵات بە فیڕۆ دەبات" و زیانی گەورەی دارایی بۆ عێراق دەبێت.


بەپێی لێدوانی حەدیسی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە، کە رێوشوێنێک بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکا بدۆزێتەوە.


بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی تائیفیی عێراق و شەڕی رێکخراوی توندڕەوی داعش، عێراق رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە.









باسنيوز
Top