بەغدا لەنێوان کوردستان و خوارووی عێراقدا گومرگ دادەنێت
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، نزیكەی هەفتەیەکە حکومەتی عێراق لە سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی نێوەڕاستی عێراقدا مەفرەزەی گومرگكردن دادەنێت و ئەو کاڵا بازرگانییانە گومرگ دەکات کە لە هەرێمی کوردستانەوە داخڵی عێراق دەبن، ئەوەش بەو پاساوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای پێناسەی گومرگی جێبەجێ ناکات.
عەبدولقادر عەبدوڵڵا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئەو کارەی حکومەتی عێراق نیگەرانی لای بازرگانان لێکەوتووەتەوە کە جارێکی دیكە باجی گومرگی لە بازرگانان وەردەگرنەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاسای پێناسەی گومرگی عێراق لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ "رەچاوکردنی قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی فەرمانبەران و بێ پارەیی بازرگانان" دەگێڕێتەوە "چونکە یاسای پێناسەی گومرگی عێراق باجی گومرگی زیاتر لە بازرگانان وەردەگرێت".
پێشتر دانیشتووانی بەسرە ناڕەزایەتییان دەربڕی لە جێبەجێکردنی یاسای پێناسەی گومرگی عێراق لە بەندەرەکانی ئەو پارێزگایەدا و وەزیری دارایی عێراقیان بەوە تۆمەتبارکرد کە دەیەوێت لەڕێگەی ئەو یاسایەوە بازرگانان ناچار بکات کاڵاکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی عێراق بکەن.
هەندێک لە پەرلەمانتارانی عێراقیش لەکاتی گفتوگۆکردنی بودجەی 2016 ی عێراقدا، پێشنیازی ئەوەیان کرد حکومەتی عێراق لەسەر سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بنکەی گومرگی دابنێت و یاسای پێناسەی گومرگی عێراق بەسەر بازرگاناندا جێبەجێ بکات.
رووداو
